ماوەی تۆماركردنی كاندیدەكان كۆتایی هات؛ پارتی لە دوایین كاتژمێرەكاندا لیستی پێشكەش كرد
پەرەگراف
ماوەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدی حیزب و پێكهاتەكان و سەربەخۆكان كۆتایی هات و دەرگای خۆتۆماركردن داخرا. پارتی لە دواكاتژمێرەكاندا ناوی كاندیدەكانی پێشكەش بە كۆمیسیۆن كرد.
كاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ كۆتاییهاتنی دەوام، ماوەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیش بە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆتایی هات، ئەوەش پاش درێژكردنەوەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ كە ئەمڕۆ دوا وادە بوو.
كۆمیسیۆن دەرگای خۆتۆماركردنی داخست و چیتر هیچ لیست و كاندیدێكی نوێ تۆمار ناكات. لە ماوەی داهاتوودا وردبینی لە ناوی كاندیدەكان دەكرێت و ئەو كانیدانەی مەرجەكانیان تێدایە و هیچ هۆكارێك بۆ ڕەتكردنەوەیان نەبێت، پەسەند دەكرێن، دواتر ژمارە بە لیستى حیزب و کاندیدە تاکەکان دەدرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دوایین كاتژمێرەكانی ماوەی درێژكراوی پێشكەشكردن، لیستی ناوی كاندیدەكانی پێشكەشی كۆمیسیۆن كرد.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دوای چوار جار دواخستن، بڕیارە لە 20-10-2024 بەڕێوە بچێت.