پەرەگراف
گەنجێک لە ناحیەی شیلادزێ ئەمڕۆ پێنجشەممە بە بۆردومانی تورکیا گیانی لەدەستدا، گەنجەکە خێزاندارەو پیشەی پێشمەرگەیەو لەکاتی هەنگەوانیدا پێکراوە.
کامەران عوسمان لە ڕێکخراوی سی پی تی کە چاودێریی دۆخی ناوچەکانی شەڕ دەکات ڕایگەیاند "لە کاتژمێر ٥:٢٥ خولەکی سەر لە بەیانی ئەمڕۆدا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی گوندی (بەریسکێ)یان کرد لە ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی و لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا، هاووڵاتییەک بە ناوی (عوسمان رژدی ڕێکانی) تەمەن ٣٢ ساڵ شەهید بوو".
ئەمە دووەمین جارە لەم ساڵدا، کە سوپای تورکیا بۆردوومانی گوندی بەریسکێ دەکات و هاووڵاتیانی مەدەنی بەئامانج دەگرێت، "لە ٨ی ئازاری ئەمساڵدا، دوو هاووڵاتی تری مەدەنی لە هەمان گوند بوون بە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و شەهید بوون و هاووڵاتییەکی تری مەدەنیش برینداربوو".
بەپێی ئامارەکانی سی پی تی، لەم ساڵدا، بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمدا، ٩ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و دوو هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون.
تەنیا لە یەک مانگدا (15-6 بۆ 15-7-2024) 9 گوند بەهۆی شەڕی تورکیاو پەکەکە چۆڵکراون و 184 خێزان ئاوارەبوون.