پەرەگراف
دەزگای ئاسایشی هەرێم بە پلانی "ڕێكخستنی ژووان"، ئەندامی سەرەكیی گرووپێكی "مەترسیداری تاوانی ئەلیكترۆنی" دەستگیر دەكات. گرووپەكە "زیاتر لە 250 كەسیان كردووەتە ئامانج" و بە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی دەیان هەزار دۆلاریان لێ سەندوون.
وەكوو دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، باندەكە "كەسانی خاوەن پێگە و سەرمایەدار و بەتەمەنی كردووەتە ئامانج و بڕی 100 بۆ 150 هەزار دۆلاری لە ڕێگەی هەڕەشەكردن و بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆكانەوە وەرگرتووە".
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "دوای كۆكردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانكردنی شوێنی تۆمەتبار لەلایەن تیمە تەكنیكییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانییەوە، توانرا ئەندامێكی سەرەكیی باندەكە دەستگیر بكەن".
"بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا ئەندامی سەرەكی باندەكە بە ناوی (پ، ئ،ح) بەئامانج بگرن و لە وڵاتی توركیاوە بە پلانێكی تۆكمە بە ناونیشانی ڕێكخستنی ژووانێك بیگەڕێننەوە شاری سلێمانی و دەستبەجێ دەستگیری بكەن"، دەزگای ئاسایشی هەرێم وا دەڵێت.
ئەو تۆمەتبارە لەسەر سكاڵای "ژمارەیەكی زۆر لە قوربانیانی دەستی ئەم باندە" دەستگیر كراوە، كە ئەندامەكانی بەشێوەی گرووپ لە "دەرەوەی وڵات" كاریان كردووە و بوونەتە هۆی "هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیانی ٢٥٠ كەس".
باندەكە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپوول)ـەوە داوا كراون. لەئێستادا تۆمەتباری دەستگیركراو بە ماددەی (٢) لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بەردەوامە.