پەرەگراف
یەکەی 70ی پێشمەرگە کە هێزەکانی سەربە یەکێتی نیشتیمانین ئامادەیی دەردەبڕێت ڕاستەوخۆ لیستی ناو و زانیاریی پێشمەرگەکانیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکات بە مەبەستی دابینکردنی مووچەکانیان.
یەکەی 70ی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەربارەی مووچەی پێشمەرگە دەڵێت: "هیوادارین لەمەودوا هیچ ئاستەنگێك نەیەتە رێی ئەم پڕۆسەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق و بەم بۆنەیەوە ئێمە لە فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگەی كوردستان بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین لەناو هێزەكانی فەرماندەیمان هیچ ناوێك بوونی نییە كە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێكی تر بێت جگە لە رەگەزنامەی عێراقی و یەك ناویش نییە كە وجودی ماددی و فیزیكی نەبێت، واتە ناوی وەهمی بێت بەتایبەت دوای ئەوەی تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجامدراوە".
"بۆیە روون و رەوان رایدەگەیەنین كە بۆ مووچەی ئەم مانگی تەمموزە ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە كە لیستی تەواوی ناوی پێشمەرگەكانمان بە زانیاری و بەڵگەنامەی داواكراوی پێویستیەوە پێشكەشبكەین و چیتر ئامادەنین مووچە و قووتی بنەماڵەكانیان بكرێتە بارمتەی ناروونی زانیاری و داتاگەلێك كە پەیوەندی بە هێزەكانمانەوە نییە، تەنانەت ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق راستەوخۆ لیستەكانمان لێوەربگرێت ئێمە ئامادەكاریی تەواومانكردووە و گومانمان لە راستی و دروستی زانیاری و داتاكانمان نییە" یەکەی 70ی پێشمەرگە وادەڵێت.
ئەوە لەکاتێکدایە بەغداد بە پاساوی وردبینیکردن لە لیستی ناوی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان، مووچەی مانگی پێنج و شەشی لەکاتی خۆیدا بۆ هەرێم نەنارد و بڕیارە سبەینێ دوای 100 ڕۆژ مووچەی ئەو دوو مانگەی پێشمەرگە دابەش بکرێت.
"خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە، وەك شایستەیەكی دارایی مانگانە و بەرامبەر ئەركەكانیان لە پاراستنی هەرێمی كوردستان مایەی خۆشحاڵییە و دەبێتە مایەی هاندانی زیاتریان بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانیان لە خزمەتكردنی وڵاتدا" یەکەی 70 وادەڵێت.