كێشەی بازاڕی هەولێر مۆڵ؛ دوكاندارێك: سێ‌ دوكانم بە 20 دەفتەر دۆلار كڕیوە و ئێستا دەڵێن موڵكی حكومەتە

17-07-2024 01:34
کۆنگرەى ڕۆژنامەوانیى دوكاندارانی بازاڕى هەولێر مۆڵ

پەرەگراف

دوكاندارانی هەولێر مۆڵ دژی دەركردنیان لە بازاڕەكە و "فێڵ" لێ‌ كردنیان لەلایەن خاوەن مۆڵەكەوە، گردبوونەوەیان ئەنجام دا. داوا لە حكومەت دەكەن بێتە سەر خەت و كێشەكەیان چارەسەر بكات، لەبەر ئەوەی سەدان خێزان نانبڕاو بوون.

یەكێك لە دووكانداەكان بۆ پەرەگراف دەڵێت "سێ دوكانم بە ناوی موڵكەوە بە زیاتر لە 20 دەفتەر دۆلار (200 هەزار دۆلار) كڕیوە، بەڵام ئێستا دەڵێن موساتەحەیە و گرێبەستەكە كۆتایی هاتووە و دەبێت چۆڵی بكەن".

بە قسەی ئەو دووكاندارە، خاوەنی مۆڵەكە پێوی وتوون "لە كۆتایی 2024 دووكانەكانتان لەسەر تاپۆ دەكەم"، بەڵام ئێستا دەركەوتووە كە "فێڵی" كردووە و موڵكەكە هی حكومەتە.

دووكاندارەكان دەڵێن، نزیكەی 500 كەس لەسەر ئەم دووكانانە كار دەكەن و سەرچاوەی داهاتی خێزانەكانیانە، بەڵام ئێستا ڕێگە نادرێت بگەڕێنەوە ناو دوكانەكان و بێكار بوون.