ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی سواڵكردن؛ بڕینەوەی مووچە لە بەغداد و هەڵمەتی دەستگیركردن لە هەولێر

17-07-2024 12:51

پەرەگراف

لە دوو بڕیاری جیاوازدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی سواڵكردن، لە بەغداد ڕەزامەندی لەسەر بڕینەوەی مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی بۆ سواڵكەرەكان درا، لە هەولێریش هەڵمەتێك بۆ دەستگیركردنیان دەستی پێ‌ كرد.

ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق، ڕەزامەندیی لەسەر داواكاریی پەرلەمانتارێك دەربڕی كە بە نووسراوێك داوای كردبوو مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی سواڵكەرەكانیش بگرێتەوە، بە مەرجی ئەوەی "بەڵێننامەی نووسراویان پێ پڕبكرێتەوە كە چیتر ئەو كارە نەكەن".

داواكارییەكە لەلایەن هەیفا جابری، ئەندامی پەرلەمانی عێراقەوە ئاراستەی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كرابوو. ڕۆژی 13-7-2024 وەزیری ناوبراو واژووی ڕەزامەندیی لەسەر نووسراوەكە كرد و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی كۆمەڵایەتی كرد بۆ جێبەجێكردن.

ئەمڕۆیش بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر، هەڵمەتێكی دەستگیركردنی "سواڵكەر، فاڵگرەوە، ئەوانەی لە بەردەم پیشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكان كار دەكەن، ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی لە ترافیكەكان كەلوپەل دەفرۆشن"، دەستی پێ‌ كرد.

پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "هەڵمەتەكە لەسەر داواكاری و گلەیی و گازاندەی هاووڵاتییان و لەپێناو نەهێڵانی دیارەدەی ناشارستانی و لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕێگەگرتن لە ڕوودانی ڕووداوی نەخوازراو و دوور لە ئادابی گشتی" ئەنجام دەدرێت.

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە كردووە كە "هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو ئافرەتانەیش بە بیانووی سواڵكردن و فاڵگرتنەوە لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور و باكووری شاری هەولێر هەن، دەستگیر دەكرێن".

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاندووە كە "ڕێكاری یاسایی" لە بەرمبەر هەموو ئەو كەسانە دەگیرێتە بر كە دەستگیر دەكرێن.

سواڵكردن و كارە هاوشێوەكانی، دیاردەیەكی جیهانین و تا ئێستا لەلایەن دەوڵەت و حكومەتەكانەوە نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێن.

لە عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەو دیاردەیە بۆ بارزگانى بە مرۆڤ و لەشفرۆشى قۆستراوەتەوە، ئافرەت و منداڵان زۆرترین قوربانیى دەستى ئەو دیاردەیەن.

لە عێراق دەست بە هەنگاوی چارەسەری دیاردەی سواڵكردن كراوە، لەوانە ناردنەوەی هەزاران سواڵكەری بیانی بۆ وڵاتەكانیان، ئێستاش بە بڕینەوەی مووچە بۆ ئەوانەی واز لەو كارە دەهێنن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان چارەسەری هاوشێوە بۆ دیاردەكە نییە.

هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی دیاردەكەن، بەوپێیەی بنەبڕكردنی كارێكی سەختە، بەتایبەت كە ژمارەی سواڵكەر و فاڵگرەوە و هاوشێوەكانیان لە عێراقدا بە سەدان هەزار كەس دەخەمڵێندرێت، لە هەرێمی كوردستانیش هەزاران كەسی لەو شێوەیە هەن.