ئەنجومەنی ئاسایش 'پەکەکە' تۆمەتبار دەکات بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسەکەی پارتی لە کەلار

16-07-2024 05:53
تیمەکانی ئاگرکوژانەوە لەکاتی کوژانەوەی ئاگری ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لقی پارتی لە کەلار

 پەرەگراف

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم 'گروپێکی سەر بە پەکەکە' تۆمەتبار دەکات بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی 22ی پارتی لە کەلار. 

بەیانیی دوێنێ 15-7-2024، ئۆتۆمبێلی ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی ‏‏22ـی گەرمیانی پارتی، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا تەقییەوە و بە تەواوی ‏سووتا.‏

بەپێی كامێرای چاودێریی ماڵەكەی، پاش ئەوەی ناوبراو سواری ‏ئۆتۆمبێلەكەی دەبێت و دەیەوێت بەڕێ‌ بكەوێت، تەقینەوەكە ڕوو ‏دەدات، بەڵام خۆی بە سەلامەتی لە ئۆتۆمبێلەكەی دادەبەزێت.‏

دەزگا ئەمنییەكانی كەلار دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە كردووە و ‏تا ئێستا هیچ ئەنجامێكیان ڕانەگەیاندووە.‏

پاش ڕووداوەكە، بەرپرسی لقی پارتی لە گەرمیان ڕووداوەكەی بە ‏‏"كردەوەیەكی تیرۆریستی" ناو برد و ڕایگەیاند "لە دوورەوە چاودێریی من ‏كراوە و تەقینەوەكە لە ڕێگەی بۆمبەوە بووە".‏

دەقی ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنن.

لە دوایین کردەوەی شەڕەنگێزییان لە ڕۆژی 15ی تەممووزی 2024 بەهۆی بۆمبی لکێندراوەوە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی باڵای حیزبییان لە شاری کەلار کردە ئامانج.

ئەو گرووپە تێکدەرە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتی و ئەندامانی هێزەکانی بەرگری لە کوردستانیان بە ئامانج گرتووە کە بەشێکیان شەهید بوون و لە بەشێک لە کارە تێکدەرانەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و پووچەڵ کراونەتەوە.

ئەو گرووپە بەوەش نەوەستاون، بەڵکوو بە سووتاندنی شوێنە گشتییەکان، بازاڕ و مۆڵەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، ڕقی خۆیان هەڵڕشتووە و بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە کاسبکاران و هاونیشتمانییانی خۆشەویستی هەرێمی کودستان.

ئەم گرووپە بوونەتە ئامرازێک بۆ بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کاری نایاسایی لە ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

ئەم سەرەڕۆییەی گرووپی تێکدەری پەکەکە، داهاتووی ناوچەکە دەخاتە بەر مەترسیی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاردانەوەی نەرێنی و نەخوازراو بەدوای خۆیدا دێنێت، بەردەوامیدان بەو کردەوانە بێوەڵام نابێت و سەرکردایەتیی گرووپەکە بەرپرسن لە هەر لێکەوتە و کاردانەوەیەک.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

16ی تەممووزی 2024