پەرەگراف
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەركۆنەی "هەوڵی تیرۆركردنی" ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی دیموكرات دەكات و دەڵێت "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان هەوڵی ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی ئەم كارە تیرۆریستییە بدەن".
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت "هەر كەس و لایەنێك لە پشت ئەم هەوڵە ترسنۆكانەیە بێت، تەحەمولی بەرپرسیارێتیی ئەنجامەكان دەكات و ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".
بەیانیی دوێنێ 15-7-2024، ئۆتۆمبێلی ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا تەقییەوە و بە تەواوی سووتا.
بەپێی كامێرای چاودێریی ماڵەكەی، پاش ئەوەی ناوبراو سواری ئۆتۆمبێلەكەی دەبێت و دەیەوێت بەڕێ بكەوێت، دەتەقینەوەكە ڕوو دەدات، بەڵام خۆی بە سەلامەتی لە ئۆتۆمبێلەكەی دادەبەزێت.
دەزگا ئەمنییەكانی كەلار دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە كردووە و تا ئێستا هیچ ئەنجامێكیان ڕانەگەیاندووە.
پاش ڕووداوەكە، بەرپرسی لقی پارتی لە گەرمیان ڕووداوەكەی بە "كردەوەیەكی تیرۆریستی" ناو برد و ڕایگەیاند "لە دوورەوە چاودێریی من كراوە و تەقینەوەكە لە ڕێگەی بۆمبەوە بووە".