پەرەگراف
بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر نووسراوێكی "ئاگاداركردنەوە" سەبارەت بە پرۆژەی (هەژماری من) ئاراستەی سەرجەم قوتابخانەكەكانی سنووری پەروەردەكەی دەكات، تێیدا دوا وادە بۆ بەشداری لە پرۆژەكە دیاری دەكات.
لە نووسراوەكەدا هاتووە "سەبارەت بەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی كە تا ئێستا (هەژماری من)یان نەكردووە، تا ڕۆژی پێنجشەممە 18-7-2024، سەردانی بەشی ژمێریاری بكەن، بە پێچەوانەوە مووچەكانیان ڕادەگیرێت".
نووسراوەكە واژووی دلێر عەبدوڵڵا حەسەن، بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێری لەسەرە و دوێنێ 15-7-2024 دەركراوە.
پەرەگراف بۆ ساغكردنەوەی ڕاستی و دروستیی نووسراوەكە، پەیوەندیی بە سەرچاوەیەكەوە لە پەروەردەی هەولێر كرد. سەرچاوەكە ڕایگەیاند كە ئاگاداری نووسراوەكە نییە، بەڵام ڕەتیشی نەكردەوە.
نووسراوەكە كاردانەوەی فراوان و توندی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوای خۆیدا هێناوە و چالاكان و مامۆستایان بە "پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و لێسەندنەوەی سەربەستیی بڕیاردان و هەڕەشەی بڕینی قووتی ماڵ و منداڵی مامۆستایان" ناوی دەبەن.
ئەو نووسراوە پێچەوانەی هەڵوێست و لێدوانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمە كە لە چەندین شوێن و بۆنەدا ڕایانگەیاندووە، مووچەخۆرانی هەرێم ئازادن لەوەی كە بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من)دا دەكەن یان نا.
