پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند: بڕی 676 ملیار دینارو 36 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی هەردوو مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکان.
چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ مووچەی ئەو دوو مانگەی هێزە ئەمنییەکان دابەش بکرێت.
بەهۆی كێشە لە لیستی ناو و مووچەی هێزە چەكدارەكانی هەرێم، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی دوو مانگی ئەو هێزانەی لەکاتی خۆیدا نەنارد، حكومەتی ناوەند سوورە لەسەر وردبینیی زیاتر لە لیستەكاندا و داوای زانیاریی زیاتری لەسەر ئەو هێزانە كرد.
پاش ئەوەی حكومەتی هەرێم دواجار ڕەزامەندیی لەسەر وردبینیی زیاتر و پێدانی زانیاری لەبارەی لیستی هێزە چەكدارەكانەوە دەربڕی، لیژنەیەكی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كرد بۆ وردبینیی.
پێشتر لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە میدیای نزیك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی وت "ئەوان (بەغداد) داوای ناوی چواری، كۆد، بایۆمەتری و شوێنی دەوامكردنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان دەكەن، جگە لەوەش داوای ناوی سیانیی دایكی هێزەكانی پێشمەرگە كراوە".
لیوا توانا سدیق وتیشی "شاندەكەی حكوومەتی عێراق بەڵێنیان داوە، ئەگەر كێشەیەكیش لە لیستی مووچەدا هەبێت، ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان ڕانەگرن تا كێشەكە یان تێبینییەكە چارە دەبێت".