لەشكركێشیی توركیا ئەعرەجیی هێنایە سلێمانی؛ بافڵ تاڵەبانی داوای 'هاوكاریی ئەمنی لە ئاستی باڵاتردا' ‏دەكات

15-07-2024 04:13
كۆبوونەوەى قاسم ئەعرەجی و بافڵ تاڵەبانی

پەرەگراف

پاش سەردانەكەی چوار ڕۆژ لەمەوبەری بۆ هەولێر، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ ‏بە سەردانێك گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كۆبووەوە. قاسم ئەعرەجی لەلایەن ‏سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە ڕاسپێردراوە بۆ بەدواداچوون و گفتوگۆ لەسەر "پێشهاتە ئەمنییەكانی ئەمدواییە"ـی ‏هەرێمی كوردستان، كە مەبەست لێی لەشكركێشييەكانی توركیایە. بافڵ تاڵەبانی داوای بەرزكردنەوەی ئاستی ‏‏"هاوكارییە هەواڵگری و ئەمنییەكان" دەكات.‏

سەردانەكەی ئەعرەجی بۆ سلێمانی كورتخایەن بوو و پاش كۆبوونەوە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، بە زوویی گەڕایەوە ‏بەغداد. هەردوو لا ڕاگەیەندراویان لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاو كردەوە، بەڵام باسی لەشكركێشییەكانی توركیایان ‏نەكردووە.‏

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ڕایگەیاند "لە ‏كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی هەماهەنگیی ئەمنی و ئەنجامی دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ‏كراوە". نووسینگەكەی ئەعرەجی زانیاریی زیاتری دەربارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا نەكردووە.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانییش، لە ‏كۆبوونەوەكەدا "دوایین پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەكان تاوتوێ كران و دەرئەنجامی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ‏ئاسایشی نیشتمانی گفتوگۆی لەبارەوە كرا".‏

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت "بەردەوامیی هەماهەنگییە هەواڵگری و ئەمنییەكانی ‏سەرجەم هێزە چەكدارەكان بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە، جەختی لێ كرایەوە".‏

‏"سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ئەمنی و چالاكییە تیرۆریستییەكانی داعش لە ناوچەكە، ‏بەرچاوڕوونیی دا و ئاماژەی بەوە كرد: مەترسییەكانی تیرۆر كۆتاییان نەهاتووە و جموجووڵەكانی داعش ‏بەردەوامە، بۆیە پێویستە هاوكارییە هەواڵگری و ئەمنییەكانیش بچنە ئاستێكی باڵاتر"، نووسینگەی ‏ڕۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی وا دەڵێت.‏

شاندێكی باڵای ئەمنی لەگەڵ قاسم ئەعرەجیدا بوون، هەروەها جەلال شێخ ناجی، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و ‏زانیاری/ زانیاری و لیوا ڕوكن عومەر ساڵح، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی ٧٠، لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون. ‏

هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنی لە عێراق ڕایگەیاند، ‏شاندێكی باڵای ئەمنی بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی لەشكركێشی و ‏پێشێلكارییەكانی سوپای توركیا، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات. دوای ‏ئەوە قاسم ئەعرەجی سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ مەسروور بارزانی، ‏سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەوە،‏ ئەمڕۆیش سەردانی سلێمانیی كرد.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT سەبارەت بە "چاودێریی دوایین ئۆپەراسیۆن و جموجووڵی سەربازیی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان" كە 8ـى ئەم مانگە بڵاو كراوەتەوە، توركیا لە 15-6-2024ـەوە ئۆپەراسیۆنێكی نوێی لەناو خاكی هەرێم دەست پێ‌ كردووە.

ڕێكخراوی سی پی تی دەڵێت "ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیا لە دەڤەری بەرواری باڵا دەستی پێ‌ كردووە. لە ٢٥ی حوزەیراندا سوپاكە زاڵگەیەكی لە نێوان گوندەكانی بابیرێ و كانی بلاڤێ جێگیر كرد. لە ڕۆژی دواتردا سوپای توركیا دەستی كرد بە دروستكردنی حەوت بارەگای سەربازیی نوێ لەسەر لووتكە چیای گوندەكانی كانی تویا، شیڤێ، زریزێ، دێمكە، بلیجان، كۆركا و گرێ بی لە سنوری قەزای باتیفا".

بەپێی ڕاپۆرتەكە، سوپای توركیا بە قووڵایی "15" كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا پێشتر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی - هەورەبروسكەدا سوپاكە بە قووڵایی "7" كیلۆمەتر تاوەكو گوندی هرورێ هاتبوو.

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPTدەڵێت "لە سەرەتای دەسپێكردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەوە، توركیا 238 جار بۆردوومان و هێرشی ئەنجام داوە، بەهۆیانەوە زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵی و دارستان سووتاون، بەتایبەتی لە گوندەكانی، گوهەرزێ، بەلاڤ، بەرچێ، سەرگەلێ، كانێ و ئاشكێ دێرێ لە قەزای ئامێدی".

هەر بەهۆی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیاوە "162 گوند لە هەرێمی كوردستان چۆڵ كراون و زیاتر لە 602 گوندیش لەژێر مەترسیی چۆڵبووندان".

"لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سوپای توركیا "1076" هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە، 526 هێرش و بۆردوومان بۆ سەر پارێزگای دهۆك، 405 بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و 10 هێرشی تریان بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بوون، ئەمە لە كاتێكدایە كە بەدرێژایی ساڵی 2023، سوپای توركیا 1548 جار بۆردوومان و هێرشی ئەنجام داوە"، ئەمە بەپێی ڕاپۆرتەكەی سی پی تی.

ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە "سەرباری شەهیدبوونی هەشت هاووڵاتیی مەدەنی لەمساڵدا، لە هێرشەكانی سوپای توركیادا ژێرخانی ئابووری و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بەئامانج گیراون و زیانیان بەركەوتووە".