پەرەگراف
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق و لە ڕێگەی فڕۆكەی ئێف 16ـەوە، لە تۆڵەی شەهید جوامێردا "موڵگەكانی داعش"ـیان لە قەزای داقووق خاپوور كردووە و "سەرجەم تیرۆریستان"ـی لەناو بردووە.
دەزگاكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری، پاڵپشت بە لێكۆڵێنەوەكان لەگەڵ تیرۆریستی دەستگیركراو، هێزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، پاش دیاریكردنی حەشارگە و مۆڵگەكانی داعش لە سنووری (چیای زەمبور)ـی قەزای داقووق، بۆردومانی بۆ سەر ئەو مۆڵگانە ئەنجام دا".
بۆردومانەكە دوێنێ 14-7-2024 لە هەمان ڕۆژی هێرشەكەی داعش لە كەركووك و شەهیدكردنی كارمەندێكی ئاسایش، ئەنجام دراوە. دەزگای ئاسایشی هەرێم بەبێ خستنەڕووی ژمارە و زانیاریی ورد، دەڵێت "سەرجەم تیرۆریستان لەناو بران و مۆڵگەكانیان بە تەواوی خاپوور كران".
چالاكییە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بە فڕۆكەی (F-16)ئەنجام درا.
دوێنێ لە ناحیەی قەرەهەنجیر ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكانی ئاسایش و دوو چەكداری داعش ڕووی دا، تێیدا كارمەندێكی ئاسایش بە ناوی جوامێر عەزیز ڕەشید شەهید و كامەندێكی دیكەش بریندار بوون، هەروەها یەكێك لە چەكدارەكانی داعش كوژراو و ئەوی دیكە بە برینداری دەستگیر كرا.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەبارەی هێرشەكەوە ڕایگەیاند "هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی كەركووك لە ئەنجامی دەستخستنی زانیاریی پێشوەخت و چاودێریی ورد و بەدواداچوون بەمەبەستی دەستگیركردنی دوو چەكداری داعش، لە كاتژمێر 8:00ـی بەیانیی 14-7-2024 لە قەرەهەنجیر ڕووبەڕووبوونەوە ڕووی دا".
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو دوو چەكدارەی داعش بەمەستی ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی ڕوویان لە ناوچەكە كردبوو و چوار كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە.
"لە كردەوەی یەكەمدا كارمەندێكی پۆلیس لە گەڕەكی شۆراو شەهید دەكەن، لە كردەوەی دووەم لە گەڕەكی پەنجا عەلی لە كاتی دانانی بۆمبی چێنراو، ڕووبەڕووبوونەوە ڕووی دا و كارمەندێكی پۆلیس شەهید بوو، هەروەها لە كردەوەی سێیەمیان دوو كارمەندی تری پۆلیسی كەركووك لەناو بازاڕی كەركووك شەهید دەكەن و لە كردەوەی چوارەمدا لەبەردەم نەخۆشخانەی جمهوری ئەفسەرێكی پۆلیسیان شەهید كرد، تیرۆریستان چەندین كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە"، دەزگای ئاسایش وا دەڵێت.