دوای چوار ڕۆژ ئاگرەکەی ئاغجەلەر کۆنتڕۆڵ کرا، 'سەدان هەزار دار سووتان'

14-07-2024 11:44

پەرەگراف

ئەو ئاگرەی ماوەی چوار ڕۆژە لە گوندەکانی سنوری ناحیەی ئاغجەلەر کەوتووەتەوە ئەمڕۆ کۆنتڕۆڵ کرا، بەڕێوەبەری ناحیەکە بە پەرەگرافی وت "سەدان هەزار دار سووتان".

هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر وتی، ماوەی چوار ڕۆژە ئاگرێکی گەورە لەگوندەکانی (سۆتکە، مایلە، کانی بۆگەنە، عەسکەر، شێخانی سورقاوشان، بلوکێن، داڵەوا، قۆجەلەر، گەڕ گەڕ، کانی بی) کەوتووەتەوە و ئەمڕۆ ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.

وتیشی "هەزاران دۆنم پۆش و پاوان و سەدان هەزار دار سوتاوون کە زۆربەیان داری (بەڕوو، دارەبەن، بەڵاڵوک و گۆیژ) بوون هەروەها هەزاران پەلەوەر و گیانەوەری کێوی سووتاون".

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر داوا دەکات کەلوپەلی پێویست بۆ تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستانی ناحیەکە دابین بکرێن، بەتایبەت ئامێری بلاوەر و سوتەمەنی بۆ تیمەکان بۆ ئەوەی لەکاتی کەوتنەوەی ئاگر قەبارەی زیانەکان هێندە گەورە نەبن لەسەر سروشتی ناوچەکە.