کرێکارێک لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی کەوتەخوارەوەو گیانی لەدەستدا

13-07-2024 01:18
سێ بینا بەرزەکە پڕۆژەی (پارک 77)ە لە سلێمانی

پەرەگراف

کرێکارێک لە نهۆمی ٤٠ی پڕۆژەی "پارک ٧٧" لە سلێمانی کەوتە خوارەوەو گیانی لەدەستدا، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە ڕێگەنادات سەندیکای کرێکاران پشکنینی سەلامەتیی بۆ شوێنی ڕووداوەکە بکات.

گۆران ئەکرەم ئەو کرێکارەیە کە گیانی لەدەستدا، تەمەنی 37 ساڵە و باوکی دوو منداڵەو خەڵکی سلێمانییە.

عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ڕووداوەکەدا سەردانی پڕۆژەکەیان کردووە، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەری پڕۆژەکەوە ڕێگرییان لێکراوە بچنە شوێنی کەوتنەخوارەوەی کرێکارەکەو پشکنین بۆ باڵەخانەکە بکەن، "ئەگەر خاوەنکار مەرجەکانی سەلامەتیی جێبەجێ بکردایە ڕێگریی لێ نەدەکردین".

سەندیکای کرێکاران نیگەرانە لە پەیڕەونەکردنی مەرجەکانی سەلامەتیی لە شوێنی کار و بەتایبەت لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و لێنەپرسینەوە لە خاوەن پڕۆژەکان لەلایەن حکومەتەوە.

ڕۆژی ٣١-٣-٢٠٢٤ چوار کرێکار لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (دەروو سیتی) لە سلێمانی کەوتنە خوارەوەو دوانیان گیانیان لەدەستداو دوانەکەی دیکە بریندارن. کرێکارەکان بە ڕەگەز کوردو خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، لە بەرزکەرەوەیەکی پڕۆژەکەدا بوون و لە نهۆمی چواردەوە کەوتنە خوارەوە.

ئەوکات عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی، ڕایگەیاند "پێشتریش لە هەمان پڕۆژەدا ٣ کرێکاری دیکە گیانیان لەدەستداوەو ئەوان پێشتر داوایان کردووە ئەو پڕۆژانە ڕابگیرێن تا بەتەواوەتی مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ دەکرێن، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکراوەو حکومەت کەمتەرخەمە لە لێپرسینەوە لە خاوەن پڕۆژەکان".

سەرۆکی سەندیکای کرێکاران ئەوەشی خستەڕوو، کەسوکاری قوربانییەکان دەتوانن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و سەندیکاش پارێزەریان بۆ دابین دەکات، ئەوانیش لایخۆیانەوە وەک هەواڵدەر هەواڵ بە داواکاری گشتی دەدەن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.

بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکاران، لە ساڵی 2023دا لە هەرێمی کوردستان 30 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لەو ژمارەیەش برینداربوون.