پەرەگراف
بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، ڕەتی دەکاتەوە لە گفتوگۆدابن لەگەڵ لایەنەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت "نە ئێستاو نە دوای هەڵبژاردن دەرگا داناخەین".
بەرەی گەل لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت "لەرابردوودا دەستپێشخەرییمان هەبووە و هەوڵمانداوە بەرەیەکی فراوان درووستبکەین بەڵام وەڵامی لایەنەکان ئەرێنی نەبوون، لە ئێستادا لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێک لەگفتوگۆدانین بۆ ئەو مەبەستە، هاوکات نە ئێستا و نە دوای هەڵبژاردن دەرگای هاوپەیمانیەتی و دروستکردنی بەرەیەکی فراوان لەگەڵ هیچ هێز و لایەن و کەسێکدا داناخەین کە خێر و خۆشی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستانی بوێت".
بەرەی گەل دووپاتی دەکاتەوە کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکردووە، "بە پشتیوانی دەنگی ئەو دەنگدەرە بوێر و دلێرانەی کە خواستێکی گەورەی گۆڕانکارییان هەیە و زۆرینەی دەنگدەران پێکدەهێنن لە کوردستان، دەیەوێت گۆڕانکاریی ریشەیی لە حکومڕانی ئەنجام بدات و خەڵکی کوردستان لەم نائومێدی و دۆخە ناهەموارە رزگار بکات".
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024ی دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژەکە کردووەو ئامادەن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و فشاری ناوخۆیی و دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.
پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسیی پێکدێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان کراوە، هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت.
پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر سێ پارێزگادا دابەش كراون، سێ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ پێكهاتەی توركمان.
كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش سێ كورسی.
هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای سێ جاری دیكەش دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.