ئەردۆغان: تا دەسەڵاتدارانی سلێمانی مەودایەک لە نێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن، گۆڕانکاری لە هەڵوێستمان ڕوو نادات

12-07-2024 10:36

پەرەگراف

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، دەڵێت "لە سەردانمان بۆ هەولێر باسمان كرد كە تا ئەو كاتەی ‏دەسەڵاتدارانی ‏سلێمانی مەودایەك لە نێوان خۆیان و پەكەكە دانەنێن، ئەوە هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستی ‏ئێمە بەرامبەر سلێمانی بەدی نایەت و ‏گەمارۆی سەر كایەی ئاسمانی بەردەوام دەبێت".‏

ئەردۆغان دەشڵێت "ئەگەر لە لایەنی سلێمانی هەندێك هەنگاو بگرنە بەر، هەڵسەنگاندن بۆ ‏هەڵوێستمان ‏دەكەین. ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەواندایە".‏

‏سەرۆككۆمار توركیا، پەكەكە تۆمەتبار دەكات بە "ئاگرتێبەردانی ئەو گوند و ناوچانەی چۆڵیان دەكات" و ‏دەشڵێت "‏دەركەوتووە كە لەم هێرشانەدا كەسانی نزیك لە بافڵ تاڵەبانی و پێشمەرگەكانی سەر بە ئەوان ‏‏(یەكێتی)یان لەگەڵدایە".‏

ئەردۆغان "دڵخۆشی"ی خۆی لەوە نیشان دەدات كە دوای سەردانەكەی بۆ بەغداد و هەولێر، "هاوكاریی هێزە ‏ئەمنییەكانی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەولێر" هەیە ‏و دەڵێت "لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق و دەزگای ‏هەواڵگریی ئەو وڵاتە هاریكاریی باشمان هەیە".‏