میترۆ: سەركۆنەی بەئامانجگرتنی تیمی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێم لەلایەن توركیاوە دەكەین

12-07-2024 06:25
مراد ‏میرزا، پەیامنێری كەناڵی چرا ئێف ئێم

پەرەگراف

سەنتەری میترۆ "بە توندی" سەركۆنەی بەئامانجگرتنی تیمی (چرا تیڤی و چرا ئێف ئێم) لەلایەن ‏توركیاوە دەكات و داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات "ڕۆڵی تەماشەكەر ‏نەبینن، هاووڵاتیانیان لە ئاگری ئەم جەنگە بپارێزن".‏

ڕۆژی 8-7-2024، هێزی ئاسمانیی توركیا ئۆتۆمبێلێكی لە كۆمەڵگەی تل قەسەبی شنگال بەئامانج ‏گرت، كە تیمێكی ڕۆژنامەنووسانی تەلەفزیۆنی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێمی تێدا بوو.‏

لەو هێرشەدا (مەدیا حەسەن كەمال، مراد میرزا برایم و خەلەف خیدر) بریندار بوون، كە مراد ‏میرزا، پەیامنێری كەناڵی چرا ئێف ئێم، بەیانیی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەكی شاری مووسڵ لە كاتی ‏نەشتەرگەریدا بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.‏

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، سەرباری سەركۆنەكردنی هێرشەكە، داوا لە ‏ڕێكخراوە نێدەوڵەتییەكان دەكات "فشار بخەنە سەر حكومەتی توركیا بە ئاراستەی دوورخستنەوەی ‏ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدار نین تیایدا".‏

میترۆ ئاماژە بەوە دەكات كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە "11 هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆی بۆردوومانی ‏سوپای توركیاوە گیانیان لەدەست داوە و 9 هاووڵاتیی دیكەیش بریندار كراون". دەشڵێت "هەردوو ‏حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ڕۆڵی تەماشاكەر دەبینن".‏

‏"لەو هێرشانەی هێزی ئاسمانی و زەمینیی سوپای توركیا، بە هیچ شێوەیەك ڕەچاوی (ڕێككەوتنی ‏ژنێف ساڵی 1949) نەكراوە، كە هەموو بڕگەكانی باس لە پاراستنی مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ دەكات ‏لە كاتی سەرهەڵدانی جەنگ و داگیركاری و پاراستنی گیانی خەڵكی سڤیل لە مەیدانی جەنگدا و مافی ‏ئەوانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدار نین تیایدا"، سەنتەری میترۆ وا دەڵێت.‏