پەرەگراف
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند: لەدوای پەیوەندی نێوان هەردوو سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بڕیاری خەرجکردنی موچەی مانگەکانی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان درا.
دوێنێ مەسرور بارزانی لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سوودانی کرد.
بەهۆی كێشە لە لیستی ناو و مووچەی هێزە چەكدارەكانی هەرێم، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی دوو مانگی ئەو هێزانەی نەنارد، حكومەتی ناوەند سوورە لەسەر وردبینیی زیاتر لە لیستەكاندا و داوای زانیاریی زیاتری لەسەر ئەو هێزانە كرد.
پاش ئەوەی حكومەتی هەرێم دواجار ڕەزامەندیی لەسەر وردبینیی زیاتر و پێدانی زانیاری لەبارەی لیستی هێزە چەكدارەكانەوە دەربڕی، لیژنەیەكی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كرد بۆ وردبینیی.
پێشتر لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە میدیای نزیك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی وت "ئەوان (بەغداد) داوای ناوی چواری، كۆد، بایۆمەتری و شوێنی دەوامكردنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان دەكەن، جگە لەوەش داوای ناوی سیانیی دایكی هێزەكانی پێشمەرگە كراوە".
لیوا توانا سدیق وتیشی "شاندەكەی حكوومەتی عێراق بەڵێنیان داوە، ئەگەر كێشەیەكیش لە لیستی مووچەدا هەبێت، ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان ڕانەگرن تا كێشەكە یان تێبینییەكە چارە دەبێت".