هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 375 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و داهاتەكەی دیار نییە؛ 'پارتى و یەکێتى سوودى لێ وەردەگرن'
پەرەگراف
"ڕۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی ئێران و توركیا دەكرێت و 175 هەزار بەرمیل دەدرێت بە پاڵاوگە ناوخۆییەكان. داهاتی ئەو نەوتە ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و پارتی و یەكێتی سوودى لێ وەردەگرن. ناردنی نەوت بۆ ئێران، ڕەنگە هەرێم و ئەمریكا ڕووبەڕووی یەكتر بكاتەوە"، ئەمە بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز.
ئاژانسەكە بۆ ڕاپۆرتەكەی لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ 20 سەرچاوەی هەرێم و عێراق قسەی كردووە، كە پێكهاتوون لە موهەندیسی نەوت، بارزگانانی نەوت، سەرچاوەكانی ناو پیشەسازیی نەوت، بەرپرسانی حكومی و سیاسی و دیبلۆماسی.
ڕۆیتەرز دەڵێت، بۆی دەركەوتووە كە "ڕۆژانە زیاتر لە هەزار تانكەر كە دەكاتە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل، نەوتی هەرێمی كوردستان بە نرخی داشكێنراو زۆرینەی ڕەوانەی ئێران و كەمتریش ڕەوانەی توركیا دەكرێت". ئەو نەوتە كە بەرمیلی بە "30 بۆ 40 دۆلار" دەفرۆشرێت، داهاتەكەی "بەلای كەمەوە 200 ملیۆن دۆلارە".
بەرپرسێكی ئەمریكا بە ڕۆیتەرزی وتووە، ئەم بازرگانیی نەوتە لەگەڵ ئێران، ڕەنگە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی بەریەككەوتن لەگەڵ واشنتۆن بكاتەوە. دەشڵێت "دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بكرێت كە ئایا ئەم بازرگانییە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران پێشێل دەكات یان نا".
زۆربەی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی حاجی ئۆمەران و پێنجوێنـەوە ڕەوانەی ئێران دەكرێت. زۆرینەی دەبرێتە بەندەرەكانی ئێران، لەوانە ئیمام خومەینی و بەندەر عەباس، بەشێكیشی لە ڕێگەی وشكانییەوە ڕەوانەی ئەفغانستان و پاكستان دەكرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی ئەم پرسەوە وەڵامی ڕۆیتەرزی نەداوەتەوە، بەڵام بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ئاژانسەكە دەڵێت "هەرێمی كوردستان لە ڕۆژێكدا 375 بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە، كە 200 هەزاری لە ڕێگەی تانكەرەوە بۆ ئێران و توركیا هەناردە كراوە و ئەوی دیكەی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان بووە".
هەر ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، جەخت دەكاتەوە كە "كەس نازانێت داهاتی ئەو 375 هەزار بەرمیل نەوتە چی لێ دەكرێت".
12 سەرچاوە بە ڕۆیتەرزیان وتووە "هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار كە پارتی و یەكێتین، سوود لە داهاتی ئەو نەوتە وەردەگرن". هەروەها سەرچاوە و بەرپرسانی ناوخۆیی هەرێم پشتڕاستیان كردووەتەوە كە "فرۆشتنی ئەو نەوتە لەلایەن خەزێنەی حكومەتی هەرێمەوە تۆمار ناكرێت و داهاتەكەی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت".
هیوا محەمەد، لە یەكێتیی نیشتمانی، بۆ ڕۆیتەرز وتوویەتی "نەوتەكە بە خاڵە سنوورییەكاندا بە ئاگاداریی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ تێپەڕ دەبێت".
بەرپرسانی توركیا و ئێران ئامادە نەبوون لەسەر ئەو نەوتەی هەرێم قسە بۆ ڕۆیتەرز بكەن، بەڵام عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەی نەوتی عێراق، دەڵێت "ئەو بازرگانیی نەوتەی هەرێمی كوردستان قبووڵنەكراوە، بەوپێیەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تاكە لایەنی ڕەسمیی ڕێگەپێدراوە بۆ مامەڵەكردن بە نەوتەوە".
عاسم جیهاد ئاماژەی بەوەش كردووە كە حكومەتی عێراق داتای دروستی لا نییە لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی "بەقاچاخ" ڕەوانەی ئێران و توركیا دەكرێت.