پەرەگراف
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە ئەندامانی براوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات، بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندام، رۆژی ۱۱ی تەموز لە کاتژمێر ۱ی نیوەڕۆ لە بینای ئەنجومەنی پارێزگا کۆببنەوە.
سوودانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەو کۆبوونەوانە دەکات کە سەرپەرشتی کردووە لەنێوان لایەنەبراوەکانی کەرکوک بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر پۆستی پارێزگارو پۆستەکانی دیکە، دەڵێت: گفتوگۆکان بووە هۆی رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی کەرکوک کە لایەنە براوەکان لەخۆدەگرێت، هەروەک کارنامەی رێککەوتنی سیاسی لێکەوتەوە کە بنەما سەرەکی و میحورە سیاسی و ئیدارییەکان لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە بوارەکانی رۆشنبیری و ئابوری.
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە 7 مانگە هەڵبژێردراوە، پێویستە لە یەکەم دانیشتنیدا پارێزگار هەڵبژێرێت، بەڵام هێشتا کۆنەبووەتەوە بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەر پۆستی پارێزگار.
بۆ یەکلا کردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، هەرلایەنێک بتوانێت هاوپەیمانییەکی نیوە+١ی ئەنجومەنەکە پێکبهێنێت پۆستەکە دەباتەوە کە پێویستی بە ٩ دەنگە لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا.
یەکێتی براوەی یەکەمی حیزبەکان بوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەو حیزبە ٥ کورسی لە ئەنجومەنەکە هەیەو لەگەڵ ٢ کورسی پارتی کورد بووەتە زۆرینەی ئەنجومەنەکە، بەڵام لەگەڵئەوەی یەکدەنگ نین، پێکەوەش هێشتا نیوە+١یان نییەو پێویستیان بە دوو دەنگی دیکە هەیە بۆ بردنەوەی پارێزگار.
پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 6 کورسین خۆیان یەکخستووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکداو ئەوانیش چاویان لە بردنەوەی پۆستی پارێزگارە، دوو کورسییەکەی تورکمان و یەک کورسییەکەی کۆتای مەسیحییەکان یەکلاکەرەوەن و بچنە پاڵ هەر کام لە کورد و عەرەب دەبنە زۆرینەی ئەنجومەنەکەو پۆستی پارێزگار دەبەنەوە.