ئەمڕۆ لیژنەكەی بەغداد بۆ وردبینی سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات؛ كەی مووچەی هێزە چەكدارەكان دێت؟

09-07-2024 12:43

پەرەگراف

وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەكەی بەغداد بۆ وردبینی لە لیستی مووچە، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 دەكات. دەشڵێت "دڵنیام لە دووسێ‌ ڕۆژی داهاتوودا ڕەزامەندی دەدرێت (لەسەر ناردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم)".

بەهۆی كێشە لە لیستی ناو و مووچەی هێزە چەكدارەكانی هەرێم، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی دوو مانگی ئەو هێزانەی نەناردووە، حكومەتی ناوەند سوورە لەسەر وردبینیی زیاتر لە لیستەكاندا و داوای زانیاریی زیاتری لەسەر ئەو هێزانە كردووە.

پاش ئەوەی حكومەتی هەرێم دواجار ڕەزامەندیی لەسەر وردبینیی زیاتر و پێدانی زانیاری لەبارەی لیستی هێزە چەكدارەكانەوە دەربڕی، لیژنەیەكی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كردووە و دەست بە وردبینی دەكات.

لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە میدیای نزیك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی وتووە "ئەوان (بەغداد) داوای ناوی چواری، كۆد، بایۆمەتری و شوێنی دەوامكردنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان دەكەن، جگە لەوەش داوای ناوی سیانیی دایكی هێزەكانی پێشمەرگە كراوە".

لیوا توانا سدیق دەشڵێت "شاندەكەی حكوومەتی عێراق بەڵێنیان داوە، ئەگەر كێشەیەكیش لە لیستی مووچەدا هەبێت، ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان ڕانەگرن تا كێشەكە یان تێبینییەكە چارە دەبێت".

سەربارى گەیشتنى لیژنەکەى چاودێریی دارایی عێراق بۆ هەولێر و دەستپێکردنى وردبینى، بەڵام ئەمڕۆیش مووچەى هیچ کام لە مانگەکانى پێنج و شەشى هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانى پێشمەرگە خەرج نەکرا، هەرچەندە ئەمڕۆ دوا قیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ مانگى شەش ڕەوانە کرا.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە زاری سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە دەڵێت "لە ‏ئەنجامی وردبینی، تێبینی لەسەر لیستی هێزە ئەمنییەكان هەبووە، داوای ‏زانیارییان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم درەنگ ‏ڕەزامەندیی دەربڕیوە بە پێدانی زانیاری لەسەر لیستەكان".‏

سۆران عومەر كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بۆ بەدواداچوونی كێشەی مووچەی هێزە چەكدارەكانی هەرێم لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا قسەی لەگەڵ د. عەمار سوبحی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق كردووە، دەشڵێت ‏‏"لیژنەكەی چاودێریی دارایی عێراق پێویستی بە 10 ڕۆژ هەیە بۆ تەواوكردنی ڕاپۆرتی ‏وردبینییەكەی لەسەر لیستی هێزە ئەمنییەكان".‏