پەرەگراف
وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ بڕی ٤٢١ ملیارو ٧٦٠ ملیۆن دیناری بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کرد، بەوەش کۆی پارەی مووچەی فەرمانبەران گەیشت جگە لە هێزە ئەمنییەکان کە دوو مانگە مووچەیان نەدراوە.
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بڕی ٤٢١ ملیارو ٧٦٠ ملیۆن دینار، وەک بەشێک لە شایستەی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی شارستانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ڕۆژی ٤ی ئەم مانگەیش بڕی ٢٣١ ملیار و ٦٠٥ ملیۆن و ٥٣١ هەزار دینار وەک تەمویلی شایستەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، بۆ هەرێم نێردراو ٧ی مانگ دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی ئەو توێژانە.
ئێستا تەنها پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان مووچەکانیان نەنێردراوە بە پاساوی وردبینیکردن لە لیستی ناوەکانیان جارێکی دیکە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراق.
وەزیری دارایی هەرێم دوێنی وتی، چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنیەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە کراوەو هەرچەندە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتەهۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە، "بەڵام بە بیانوی وردبینیەوە هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکەن".
ئاوات شێخ جەناب لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵی چین لە هەرێم، باسی پرسی مووچەی کردو وتیشی: بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێک وردبینی لەخەرجی و داهات بکرێت، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و بەردەوامی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە.
پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بەهۆی كێشە لە لیستی مووچەكانیاندا، دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و هێشتا دیار نییە كەی مووچەیان پێ دەدرێت.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند، بۆ بەدواداچوونی وردبینی لە لیستی هێزە ئەمنییەكان، پەیوەندییەكی لەگەڵ د. عەمار سوبحی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئەنجام داوە.
سۆران عومەر دەڵێت "سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق پێی وتم: لە ئەنجامی وردبینی، تێبینی لەسەر لیستی هێزە ئەمنییەكان هەبووە، داوای زانیاریمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم درەنگ ڕەزامەندیی دەربڕیوە بە پێدانی زانیاری لەسەر لیستەكان".
سۆران عومەر لە زاری سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە دەڵێت "شاندەكە پێویستی بە 10 ڕۆژی دیكە هەیە بۆ تەواوكردنی ڕاپۆرتی وردبینییەكەی لەسەر لیستی هێزە ئەمنییەكان".