ئاوات شێخ جەناب: چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنییەکان کراوە

08-07-2024 06:04

پەرەگراف

وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت، چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنیەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە کراوەو هەرچەندە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتەهۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە، "بەڵام بە بیانوی وردبینیەوە هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکەن".

ئاوات شێخ جەناب لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵی چین لە هەرێم، باسی پرسی مووچەی کردو وتی: بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێک وردبینی لەخەرجی و داهات بکرێت، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و بەردەوامی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە.

ئەوە لەکاتێکدایە جارێكی دیكە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی ‏هێزە ئەمنییەكانی  هەرێمی كوردستان دەکات.

پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بەهۆی كێشە لە لیستی ‏مووچەكانیاندا، دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و هێشتا دیار نییە كەی مووچەیان پێ‌ دەدرێت.‏

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ‏ڕایگەیاند، بۆ بەدواداچوونی وردبینی لە لیستی هێزە ئەمنییەكان، پەیوەندییەكی ‏لەگەڵ د. عەمار سوبحی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئەنجام داوە.‏

سۆران عومەر دەڵێت "سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق پێی وتم: لە ‏ئەنجامی وردبینی، تێبینی لەسەر لیستی هێزە ئەمنییەكان هەبووە، داوای ‏زانیاریمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم درەنگ ‏ڕەزامەندیی دەربڕیوە بە پێدانی زانیاری لەسەر لیستەكان".‏

سۆران عومەر لە زاری سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە دەڵێت ‏‏"شاندەكە پێویستی بە 10 ڕۆژی دیكە هەیە بۆ تەواوكردنی ڕاپۆرتی ‏وردبینییەكەی لەسەر لیستی هێزە ئەمنییەكان".‏