پەرەگراف
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە شەنگال کردە ئامانج و دوو کەس بە سەختی برینداربوون.
دژەتیرۆری پارتی، بڵاویكردەوە: کاتژمێر 11:10ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، "ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لەنێوان قەزای شنگال و تەل قەسەب بۆردومان کرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلەکە سێ کەسی تێدا بووە و بەهۆی بۆردومانەکەوە دوو کەسیان بەسەختی بریندار بوون".
هاوکات كامەران عوسمان لە تیمی کوردستانه رێكخراوی (CPT) کە چاودێریی دۆخی ناوچەکانی شەڕ دەکەن، دەڵێت "لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، دوو میدیاکاری (چرا تیڤی) نزیک لە یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال، بە سەختی برینداربوون. هەر بەهۆی بۆردوومانەکەوە، ئۆتۆمبێلی بە ئامانجگیراو خۆی کێشا بە ئۆتۆمبێلێکی تردا و بووە هۆی زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەکەی تر".
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی CPT لە سەرەتای ئەمساڵەوە، تاوەکو ئێستا سوپای تورکیا ١١ جار بۆردوومانی قەزای شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری کردووە.