پەرەگراف
مەسروور بارزانی ڕاگەیاند، لەگەڵ حكومەتی عێراق لەبارەی مووچەوە گەیشتوونەتە تێگەیشتنی هاوبەش و دەشڵێت "ئینشائەڵڵا چیدیكە بابەتی مووچە نابێتە هەواڵی ڕۆژنامە و میدیاكان". سەبارەت بە پرۆژەی (هەژماری من)یش دەڵێت "پرۆژەیەكە تەنیا بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دروست كراوە، ئەوانەی دژایەتیی دەكەن، یان ئەوەیە لێی نازانن، یان بۆ مەرامێكی سیاسییە. هەژماری من نە حیزبییە و نە شەخسییە".
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشێك لە هاووڵاتیانی سلێمانی كە ئەمشەو لەلایەن میدیای حكومەتەوە بڵاو كرایەوە، وەڵامی پرسیارەكانی لەسەر مووچە، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، كۆچی گەنجان، هەلی كار و چەند بابەتێكی دیكە دایەوە.
لەو دیدارەدا كە هەفتەی ڕابردوو ئەنجام دراوە، مەسروور بارزانی لەبارەی كۆچی گەنجانەوە وتی "جێگەی داخە گەنجی ئێمە بیر لە كۆچكردن بكاتەوە. پێش هەموو شتێك، پێم وایە ئەو قاچاخچی و بازرگانە سیاسییانەی كە ژیانی هاووڵاتییانیان كردووەتە كاڵا بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان، تاوانباری یەكەمن".
سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "هیوادارم ئەو گەنجانە چاو لەوە بكەن بزانن چۆن كار بۆخۆیان بدۆزنەوە و حكومەت هاوكاری و كارئاسانییان بۆ دەكات".
سەبارەت بە ئابووریی هەرێمی كوردستانیش، مەسروور بارزانی دەڵێت "هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی گرنگی بە فرەچەشنكردن و هەمەجۆركردنی ئابووری لە كوردستان بدەین، بۆ ئەوەی تەنیا ئیعتیمادی ئێمە لەسەر وزە و نەوت و گاز نەبێت. گرنگیمان بە كشتوكاڵ، بووژانەوەی گەشتوگوزار و پیشەسازی داوە".
لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە "ئەمە (هەمەجۆركردنی ئابووری) بە شەو و ڕۆژێك ناكرێت"، ڕەخنەیش لە كابینەكانی پێش خۆی دەگرێت و دەڵێت "خۆزگە بەرنامەیەكی ڕێكوپێك لە ساڵانی ڕابردوو هەبووایە بۆ ئەوەی ئێستا بەرهەمەكانیمان بینیبایە".