ئەردۆغان بانگهێشت ئاراستەی ئەسەد دەكات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا و سووریا
پەرەگراف
ئەردۆغان دەستپێشخەری دەكات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ سووریا و بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشت لە ئەسەد دەكات بۆ هەنگاونان بەو ئاراستەیە.
ئەمڕۆ 7-7-2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، ڕایگەیاند "ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێكی وەها كە هەر كات بەشار ئەسەد هەنگاوێكی نا بۆ باشكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیادا، ئەوا ئێمەش ئەو هەڵوێستەی بەرامبەر نیشان دەدەین".
ئەردۆغان وتیشی "ئێمە بانگهێشتەكەمان ئاراستەی (ئەسەد) دەكەین، دەمانەوێت بەم باگهێشتە پەیوەندییەكانی توركیا و سووریا وەك ڕابردوو بگەیەنینەوە هەمان خاڵ".
"بەڕێز پووتین هەڵوێستی هەیە لەبارەی كۆبوونەوە (لەگەڵ ئەسەد)دا لە توركیا، سەرۆكوەزیرانی عێراق هەڵوێستی هەیە. ئێمە لە هەموو شوێنێك باس لە نێوەندگیرەكان دەكەین، جا بۆ لەگەڵ دراوسێكانماندا نەبێت؟"، سەرۆككۆماری توركیا وای وت.
لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی سووریا لە ساڵی 2011، توركیا بەشێوەیەكی هەنگاو بە هەنگاو پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی ئەو وڵاتە پچڕاند و پاڵپشتیی لە بەشێكی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كرد. هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا هەڵوێستی توركیا بەرانبەر دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد زۆر توند بوو، بەڵام ئێستا ئەنقەرە بۆ دژایەتیی دەسەڵاتی ڕۆژئاوای كوردستان، دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ دیمەشق ئاسایی بكاتەوە.