بەغداد جارێكی دیكە وردبینی لە لیستی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمدا دەكاتەوە

07-07-2024 11:26

پەرەگراف

جارێكی دیكە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی ‏هێزە ئەمنییەكان دێتەوە هەرێمی كوردستان. پەرلەمانتارێك دەڵێت "ئامادەكردنی ‏ڕاپۆرتی وردبینییەكە 10 ڕۆژی دیكەی پێویستە".‏

ئەمە لەكاتێكدایە هێزی پێشمەرگە و ئەمنییەكانی هەرێم بەهۆی كێشە لە لیستی ‏مووچەكانیاندا، دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و هێشتا دیار نییە كە بەر لەم ‏وردبینییە مووچەیان پێ‌ دەدرێت یان نا.‏

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ‏ڕایگەیاند، بۆ بەدواداچوونی وردبینی لە لیستی هێزە ئەمنییەكان، پەیوەندییەكی ‏لەگەڵ د. عەمار سوبحی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئەنجام داوە.‏

سۆران عومەر دەڵێت "سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق پێی وتم: لە ‏ئەنجامی وردبینی، تێبینی لەسەر لیستی هێزە ئەمنییەكان هەبووە، داوای ‏زانیاریمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم درەنگ ‏ڕەزامەندیی دەربڕیوە بە پێدانی زانیاری لەسەر لیستەكان".‏

پاش ئەوی حكومەتی هەرێم ڕەزامەندیی دەربڕیوە، بڕیارە شاندێكی چاودێریی ‏دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی زانیاری و وەڵامی ‏ئەو پرسیارانەی لەسەر لیستی هێزە ئەمنییەكان هەیانە.‏

سۆران عومەر لە زاری سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە دەڵێت ‏‏"شاندەكە پێویستی بە 10 ڕۆژی دیكە هەیە بۆ تەواوكردنی ڕاپۆرتی ‏وردبینییەكەی لەسەر لیستی هێزە ئەمنییەكان".‏

بەهۆی كەموكووڕی لەو لیستەی كە حكومەتی هەرێم بۆ بەغدادی ناردووە، ‏حكومەتی فیدراڵ دوو مانگە مووچەی هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی پێشمەرگەی ‏نەناردووە، ئەوەش ناڕەزایەتیی لەناو بەشێك لە هێزی پێشمەرگە لێ‌ كەوتووەتەوە ‏و ئەمڕۆیش جارێكی دیكە بەشێك لە پێشمەرگەكانی لیوای 9ـی پیادەی پێشمەرگە ‏لە بازیان گردبوونەوەیان ئەنجام دا.‏