عەتا سەراوی لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستگیر کرا

05-07-2024 01:26

 پەرەگراف

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پاش گەڕانەوەی لە سوید، عەتا سەراوی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستگیر کرا، بنەماڵەکەی داوای ڕوونکردنەوە دەکەن لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی.

عەتا سەراوی لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لەکاتی دەستبەسەرکردنی لە ئاسایش بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت "دەمەوێ چاک بزانن،  ینک ھی ئێمەیە و ئەو کۆنە سیخوڕ و جاش و تابووری پێنجەمانەی دەیانەوێ لە یەکێتی دەرمان پەڕێنن، زۆر سەھون و وەکوو مێخ لەسەر دڵیان دەچەقین!!!".

 میدیای یەکێتی دەڵێت عەتا سەراوی بە یاسای ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر دەستگیر کراوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوە ڕەت دەکەنەوەو داوای ڕوونکردنەوە دەکەن.

تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان کە میدیای فەرمیی یەکێتییە، لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە دەڵێت "عەتا سەراوی داواكراوبووە بە ماددەكانی ( ٤٥٦ ) لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و بە ماددەی ( ٢ )لە یاسای ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر لە دەزگای ئاسایشی هەرێم".

گەلی کوردستان لەزاری ئەو سەرچاوەیەوە دەشڵێت "ناوبراو تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی، بەمەبەستی نانەوەی پشێوی و دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتیان".

دەستگیرکردنەکە پاش ئەوە دێت کە لە ڕۆژی 19-4-2024 ئۆتۆمبێلێکی عەتا سەراوی لەبەردەم چێشتخانەیەکدا لە سەرچنار تەقییەوە، بەڵام زیانی گیانیی نەبوو، لەو کاتەوە ئاسایش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ڕووداوەکە ڕانەگەیاندووە.

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بنەماڵەکەی

دەقی ڕوونکردنەوەی عەتا سەراوی:

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕایگشتی

بەندە عەتا سەراوی، لە 16-6-2024 لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە سەفەری سویدم کرد، ئەمڕۆ بەرەبەیانی 5-7-2024 کاتژمێر چواری بەیانی بە گەیشتنەوەم، ھێزێکی زۆری سوات ھاتن و داوایان لێ کردم کە فەرمان یان پێ کراوە  لەگەڵیان تا ئاسایشی گشتی بچم؟!!!

من کۆی دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایش و پێشمەرگە بە برا و کوڕی خۆم دەزانم، لە کاتێکدا دوو سەیارە پێشمەرگەم لەگەڵ بووە، بە ڕێزەوە ھاوکاریان بووم و حمایەکانم ئیزن داوە و خۆم بێ ئەوەی بزانم بۆ؟! لە پای چی؟! بە فەرمانی کێ؟!! وە چ سیناریۆ و گەمەیەکی قێزەونیان بۆ ئامادە کردووم ؟!!!! لە ئاسایشی گشتی ڕاگیرام؟!!

دەمەوێ چاک بزانن،  ینک ھی ئێمەیە و ئەو کۆنە سیخوڕ و جاش و تابووری پێنجەمانەی دەیانەوێ لە یەکێتی دەرمان پەڕێنن، زۆر سەھون و وەکوو مێخ لەسەر دڵیان دەچەقین!!!

بکەری ئەم گەمە سەخیفە، دڵنیابن دەیەوێ لەم سەروبەندی ھەڵبژاردنەدا بە خەڵک بڵێ: ئەوە وەفای ینک بۆ کەس و بنەماڵە و عەشرەتێک کە دەیان شەھیدیان ھەیە؟!! ئیتر خەڵک چاوەڕوانی چی لەمانە بکات؟!

بۆیە بەم ڕوونکردنەوەیەم داوا لە بەڕێزان کاک بافڵ تاڵەبانی و کاک قوباد دەکەم، تکایە من ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر تۆمەتێکی داتاشراو دەبمە کە بۆم حازر کراوە و بۆم دادەتاشن !! بۆیە تکایە ئەوە ئێمە و مێژووی خوێناویمان، ئەوەش ئێوە و ئەو ئەڵقەلەگوێیانەی لە پشتی ئێوەوە پەلاماری ئێمە دەدەن !!!

تکایە ئەمە ڕانەگرن، دەرئەنجام کێ لە پشت ئەم بێڕێزیییە بێ، بێ باج نابێ لێی دەربچێ؟

دەشمەوێ بزانم، ئەگەر بڕیارێکی سیاسیتان لە پشت ئەم شانۆگەرییەتانە، دڵنیابن پلاندانەرخۆی دەسووتێنێ!!

عەتاسەراوی

ئاسایشی گشتیی سلێمانی

٥-٧-٢٠٢٤