لە بەغدادەوە داوای ڕاگرتنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەكرێت و لە مووسڵەوە ڕەت دەكرێتەوە
پەرەگراف
دوای ئەوەی دەستەی باڵای هەماهەنگیی پارێزگاكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە نووسراوێك داوای ڕاگرتنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان كرد، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا وەڵامی دایەوە و دەڵێت "بڕیارەكان یاسایی و دەستووری بوون و كار دەكەین بۆ جێبەجێكردنیان".
دوێنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە دانیشتنێکدا قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنووری پارێزگاکەی هەڵبژاردن. کوتلەکانی نەینەوا موەحەدە و پارتی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد. یەکێتی پۆستی قائیمقامی مەخموور و دوو بەڕێوەبەری ناحیەی بەرکەوتووە، پارتیش هیچ پۆستێکی پێ نەدراوە و ڕەتیشی دەکاتەوە ئەو پۆستانەی لایەتی ڕادەستی بکات و دەڵێت "بڕیارەکان نایاسایی بوون".
ئەمڕۆ ئەحمەد فەتلاوی، ڕێكخەری گشتی بۆ كاروباری پارێزگاكان لە دەستەی باڵای هەماهەنگیی پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە نووسراوێک داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کردووە بڕیارەكانی دوێنێی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ گۆڕینی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان ڕابگرێت.
بەرپرسەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا چاوەڕوان بێت تا بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارە یاساییبوون یان نەبوونی بڕیارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی نەینەوا دەردەچێت.
هەر ئەمڕۆ 3-7-2024، د. ئەحمەد یونس، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە بەیاننامەیەک وەڵامی نووسراوەکەی دەستەی باڵای هەماهەنگیی پارێزگاکانی دایەوە و دەڵێت "لە بڕیارەکانی دانیشتنی 2-7-2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا مافە یاساییەكانی خۆی بەكار هێناوە و بڕیارەکان هەماهەنگ بوون لەگەڵ بڕگەكانی دەستوور و یاسا".
د. ئەحمەد یونس پیرۆزبایی لەو کەسانە دەکات کە بە سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی نەینەوا هەڵبژێردراون و جەخت دەکاتەوە "ئەو بڕیارانەی دەرکراون بۆ جێبەجێکردنن و ئەنجوومەن کار دەکات بۆ جێبەجێکردنیان".
"ئیدانەی هەموو لێدوانە زبرەكان دەكەین بەرانبەر ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و سەرۆكایەتییەكەی. تۆمارکردنی سكاڵا لەسەر ئەو كەسانەی بێڕێزی دەكەن، بە مافی خۆمان دەزانین"، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا وا دەڵێت.
د. ئەحمەد یونس داوا لەو لایەنانە دەکات کە پێیان وایە زەرەرمەند بوون، "پەنا بۆ تۆماركردنی سكاڵا لە دادگای تایبەتمەند ببەن".
کوتلەکانی نەینەوا موەحەدە و پارتی ئەندامێتییان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەساردووە و هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا بە نایاسایی دەزانن.