سوودانی و بارزانی: گفتوگۆی بونیاتنەرانەمان لەسەر پرسە ناوخۆی و ناوچەییەكان ئەنجام دا
پەرەگراف
پاش كۆبوونەوەیان لە بەغداد، سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی پارتی دیموكرات ڕایانگەیاند "گفتوگۆی بونیاتنەرانە"یان لەسەر پرسە ناوخۆیی و ناوچەییەكان ئەنجام داوە. سوودانی سەردانی بارزانی بۆ بەغداد بە "گرنگ" وەسف دەكات و بارزانییش دەڵێت "سەلمێندرا كە ئەگەر نیەتی چاك هەبێت، هیچ كێشەیەك نییە چارەسەری نەبێت".
پاش نزیكەی شەش ساڵ لە دوایین سەردانی بۆ بەغداد، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتیی دیموكرات بە سەردانێك گەیشتە پایتەختی عێراق و یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام دا. دواتریش لەگەڵ سەركردەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پاشان لەگەڵ فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق كۆبووەوە. بڕیارە ژمارەیەك كۆبوونەوەی دیكەش ئەنجام بدات.
پاش كۆبوونەوكەیان، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق وتی "سەردانی برای بەڕێزم بارزانی بۆ بەغداد گرنگە، بەهۆی گرنگی دیدار و گفتوگۆكان، بە تایبەتی كە ئێمە باسی سەركردەیەكی نیشتمانیی گرنگ دەكەین كە ڕۆڵێكی گەورەی لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە".
سەبارەت بە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەیان، سوودانی وتی "گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە و ئامانجدارمان بە ئاراستەی پرسە جیاوازە ناوخۆیی و ڕەوشە ناوچەییەكان كرد".
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كرد و ڕایگەیاند "قۆناغێكی گرنگمان لە بنیاتنانی متمانە لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم بڕیوە و زۆر كێشەشمان بەپێی دەستوور و یاسا تێپەڕاندووە".
بەشێكی كۆبوونەوەكان دەربارەی پێشهاتەكانی ناوچەكە بوون و سوودانی دەڵێـ "جەختمان لەسەر ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی عێراق كردەوە، بە جۆرێك كە دوور بێت لە گۆڕەپانی ململانێكان".
هەروەها مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، سەبارەت بە ئامانجی سەرداننەكەی بۆ بەغداد وتی "بە ئامانجی پتەوكردنی ئەو هەوڵانەیە كە پێشتر دراون و جەنابی سەرۆكوەزیران سەرمەشقیان بوو، بوونە هۆی كرانەوەیەكی ڕاستەقینە لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم".
بارزانییش جەختی كردەوە كە "گفتوگۆكەمان لەسەر ڕەوشی ناخۆ و ناوچەكە بنیاتنەرانە بوو". وتیشی "بۆچوونەكانمان هاوتا بوون و بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوكاری".
"سەلمێندرا كە ئەگەر نیەتی چاك هەبێت، هیچ كێشەیەك نییە چارەسەری نەبێت. سوپاس بۆ خودا ئەم نیەتانە هەن و برام سەرۆكوەزیران بەم نیەتانە سەركردایەتیی دەوڵەتێك دەكات كە گەیاندوویەتی بەم ڕەوشە ئاسوودەیە. هیواداراین ئەنجامەكان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەكان بن"، سەرۆكی پارتی وای وت.
دوایین سەردانی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد، ڕۆژی ٢٢-١١-٢٠١٨ بوو، كە لە فڕۆكەخانەی بەغداد لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوكاتی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح پێشوازیی لێ كرا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى حکومى و حیزبیى عێراق ئەنجام دا.