پەرەگراف
پاش نزیكەی شەش ساڵ لە دوایین سەردانی بۆ بەغداد، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتیی دیموكرات بە سەردانێك گەیشتە پایتەختى عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەت و سەركردە سیاسییەكان كۆدەبێتەوە.
بارزانی لە فڕۆكەخانەی بەغداد لەلایەن فوئاد حسێن، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە پشكی حیزبەكەی خۆی، هەروەها محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشوازیی لێ كرا. یەكەم كۆبوونەوەیشی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام دا.
بارەگای بارزانی باسی لە ئامانجی سەردانەكەی سەرۆكی پارتی نەكردووە، بەڵام دەڵێت "بڕیار وایە لەو سەردانەیدا، سەرۆك بارزانی دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی حكوومی و لایەن و سەركردە سیاسییەكانی عێراق و ژمارەیەك لە باڵیۆزانی وڵاتان لە بەغدا هەبێت".
دوایین سەردانی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد، ڕۆژی ٢٢-١١-٢٠١٨ بوو، كە لە فڕۆكەخانەی بەغداد لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوكاتی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح پێشوازیی لێ كرا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى حکومى و حیزبیى عێراق ئەنجام دا.


