پێشمەرگەکانی لیوای ٩ی پیادە گردبوونەوە لە دژی پێنەدانی هاوکارییەکەی هاوپەیمانان

03-07-2024 10:51

پەرەگراف

پێشمەرگەکانی لیوای ٩ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا لەسەر بێبەشکردنیان لە هاوکارییەکەی هاوپەیمانان.

هێزەکانی هاوپەیمانان مانگانە مووچەی ئەو لیوایانەیان دابین دەکرد کە سەربە وەزارەتی پێشمەرگەن، دوای ئەوەی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دابین دەکرێت، پارەکەی هاوپەیمانان بەردەوامەو وەک هاوکاریی دەدرێتە هێزەکانی پێشمەرگە.

پێشمەرگەکانی لیوای ٩ی پیادە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایان کرد، ئەو کەسەی بووەتە هۆکاری بێبەشکردنیان لەو هاوکارییەی هاوپەیمانان دووربخرێتەوە.

"لیواکەمان شەهیدی زۆری داوە لە شەڕی دژی داعش، لە ئێستاشدا لەبەرەی پێشەوەی سنوری کوردستانین لە کفری، لە هاوکارییەکەی مانگی پێنجی هاوپەیمانان بێبەش کراوین" پێشمەرگەکانی لیوای ٩ وادەڵێن.

ئەو پێشمەرگانە داوای چارەسەرکردنی کێشەکەیان دەکەن و بە پێچەوانەوە پەنا دەبەنەبەر دادگای سەربازیی، "وەزیری پێشمەرگەو ئامرلیوا تۆمەتبار دەکەین، داواش دەکەین ڕوبەڕوی سزادان نەبینەوە لەسەر ئەم گردبوونەوەیەی کە کردوومانە".

ئەو پێشمەرگانە ئاماژە بەوەش دەکەن، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە وەرگرتنی سێ مووچە بێبەش کراون کە لیواکانی دیکە وەریان گرتووە.