دەرگای پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدی هاوپەیمانێتی و حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێتەوە

03-07-2024 08:35

 پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕایگەیاند، سبەینێ دەرگای پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدی هاوپەیمانێتی و حیزب و کاندیدی تاکەکەسی و پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێتەوەو تا 15ی مانگ بەردەوام دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024ی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژەکە کردووەو ئامادەن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسیی پێکدێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان کراوە، هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت.

پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏سێ جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.