پارتی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی نەینەوا ڕەت دەكاتەوە؛ پۆستی قائیمقامی مەخموور ڕادەستی یەكێتی ناكات

02-07-2024 09:24

پەرەگراف

سەرباری بایكۆتی كوتلەكانی نەینەوا موەحەدە و پارتی، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەموو سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكەی هەڵبژارد. ئەو دوو لایەنە لە كاردانەوەدا ئەندامێتیی خۆیان لە ئەنجوومەنەكە هەڵپەسارد.

پارتی دانیشتنەکە بە "نایاسایى" دەزانێت و ڕادەستكردنی پۆستە ئیدارییەكان ڕەت دەكاتەوە، بە تایبەت پۆستی قائیمقامی مەخموور كە دراوە بە یەكێتی. فراكسیۆنی یەكێتی بەشداریی كۆبوونەوەكەی كرد، قائیمقامێك و دوو بەڕێوەبەری ناحیەی بەركەوتووە.

ســەنــگـەر كانـەبـی گـەورە، بـەرپـرسـی لـقـی 23ـی پارتی، ڕایگەیاند "قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان لە كاری ئاسایی خۆیان بەردەوام دەبن و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەندامێتیی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد".

بـەرپـرسـی لـقـی 23ـی پارتی بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بە "گەوج و نەفام" ناو دەهێنێت بە هەوڵی "موئامەرە و فەرزی ئیرادە" بەسەر مەخموور و مەخموورییەكاندا وەسفی دەكات. دەشڵێت "ئەوانە خەیاڵ خاو دەمێننەوە و هیچ هێزێك ناتوانێ بڕیاری نایاسایی و نادەستووری جێبەجێ بكات".

لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل بە 16 ئەندامەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ 20 پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی نەینەوا ئەنجام دا.

هاوپەیمانیی نەینەوا موستەقبەل، لە ژمارەیەك كوتلە و لایەن پێكهاتووە، زۆرینەیان نزیكن لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، بەڵام هەمویان شیعە نین، بەڵكو ئەندامی ئەنجوومەنی لە سوننە و سەربەخۆ و پێكهاتەكانیش تێدایە. هاوپەیمانییەكە لە كۆی 29 ئەندامی ئەنجوومەن، 16 ئەندامی هەیە، لەنێویاندا سێ كورسیی كۆتای ئێزیدی، شەبەك و كریستیان هەن.

دوای یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، هەردوو نەینەوا موەحەدە و پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێكەوە خاوەنی 13 كورسیی ئەنجوومەنن، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ناڕەزایی خۆیان نیشان دا و بڕیاریان دا ئەندامێتییان لە ئەنجوومەن هەڵپەسێرن.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە چوار ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای هەیە و پێشتر قایمقامی شنگال و چەندین پۆستی دیكەی لابوو، ئەمڕۆ بایكۆتی دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی كرد و هیچ پۆستێكیشی لە سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی نەینەوا پێ نەدراوە.

ئەحمەد كیكی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بۆ (كەركوك ناو)ـی دەڵێت "دانیشتەكەی ئەنجوومەنی پارێزگا نایاسایی بوو، چونكە پێویستە پارێزگار بانگەواز بۆ پۆستەكان بكات و دواتر سێ بەربژێر بۆ هەر پۆستێك بنێرێتە ئەنجوومەن، ئەوكات ئەنجوومەن یەكێكیان هەڵبژێرێت".

هاوپەیمانیی نەینەوا موەحەدە كە لیستی (نەینەوا لیئەهلیها)ـی پێكهێنەری بوو، پێشتر چەندین كوتلەی دیكەی سوننەی عەرەبی لەخۆ دەگرت، ئێستا تەنیا 9 ئەندامی ماوەتەوە.

موهەنەد جبووری، سەرۆكی هاوپەیمانیی نەینەوا موەحەدە بە (كەركوك ناو)ـی وتووە "دانیشتنەكەی ئەنجوومەن پێشێلكاری و پێچەوانەی ڕێكارە یاساییەكان بووە، بەبێ گەڕانەوە بووە بۆ ئێمە و كوتلەی پارتی، بێ ئەوەی هیچ دانوستانێكی پێشوەختە لەسەر پۆستەكان بكەن، بۆیە لەگەڵ پارتی ئەندامێتیمان لە ئەنجوومەن هەڵپەسارد".

بەڵام هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل دانیشتنەكە بە "یاسایی" ناو دەبات و محەمەد هەریس، سەرۆكی هاوپەیمانییەكە، بە (كەركوك ناو)ـی ڕاگەیاند "كۆبوونەوە بە ئامادەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامان بووە و بۆ قایمقامی شنگالـیش لەنێو پێنج كاندیددا یەكێكیان بە دەنگدان هەڵبژێردراوە".

یەكێتی كە دوو ئەندامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە و بەشداریی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی كرد، پۆستی قائیمقامی مەخموور و بەڕێوەبەری ناحیەكانی سنونێ و وانكێـی بەركەوت.

محەمەد جاسم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەڵێت "دانیشتنەكە بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی پارتی بوو كە بایكۆتیان كرد و بە كۆی دەنگی ئەندامانی كۆبوونەوەكە پۆستی قایمقامی مەخموور یەكلاكرایەوە".

بەپێی یاسای كاری پارێزگاكانی عێراق، قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان لەلایەن ئەنجوومەنی قەزاكانەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەنجوومەنی قەزاكانەوە، دیاریكردن و هەڵبژاردنی كاندیدی ئەو پۆستانە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگادایە.

بەڵام كوتلە ناڕازییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، پێیان وایە دەبوو پاڵپشت بە ماددەیەكی دیكەی هەمان یاسا پۆستەكان یەكلا بكرێنەوە، كە تێیدا هاتووە، پێویستە پارێزگار سێ كاندید بۆ هەر پۆستێكی باڵا بۆ ئەنجوومەن بەرز بكاتەوە و ئەندامانی ئەنجوومەنیش یەكێكیان هەڵبژێرن، بەڵام لە ماددە یاساییەكەدا دەستەواژەی پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە نەهاتووە.

لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا حەوت قایمقام هەڵبژێردران كە پێكهاتوون لە سەیدۆ خەیری، قایمقامی شنگال و سەردار سیامەند، قایمقامی مەخموور و خەلیل هابش، قایمقامی تەلەعفەر و ڕەعد ناسر، قایمقامی تلكێف و عەلی ساڵح، قایمقامی حەزەر و سامر یوسف، قایمقامی حەمدانییە و شەعلان عەبدولڕەزاق، قایمقامی بەعاج.

هەروەها 13 بەڕێوەبەری ناحیە هەڵبژێردران كە پێكهاتوون لە فواد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك و فواز مەشعا، بەڕێوەبەری ناحیەی ڕەبیعە و عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە و عامر مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی نەمرود و غالب عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەراج و ئوسامە شاهر، بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە و تارق درك، بەڕێوەبەری ناحیەی تەل و فەلاح قەنبەر، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتڵە و داود جوندی، بەڕێوەبەری ناحیەی شمال (سنونێ) و ساعد زەینلعابدین، بەڕێوەبەری ناحیەی عەیازییە و عوێد خەلیل، بەڕێوەبەری ناحیەی زومار و یاسر عەساق، بەڕێوەبەری ناحیەی وانكێ و زیاد تەها، بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل.