حکومەتی هەرێم: پێشوازیی لە نووسراوێکی سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەکەین دەربارەی بەبانکیکردنی مووچە
پەرەگراف
حکومەتی هەرێم پێشوازی لە نووسراوێکی سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق دەکات کە وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی داوەتەوە دەربارەی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەو هەژماری من.
حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی نووسراوەکەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکی حکوومی یان تایبەت لە چوارچێوەی ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆسەکەدا.
"ئەم نووسراوەی دادگای فیدراڵی، هەنگاوێکی باش و دادپەروەرانەیە و مووچەخۆران ئازاد و سەرپشک دەکات لە هەڵبژاردنی بانکەکانیان، لەم چوارچێوەیەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارکردن بە پێی ڕێنماییەکانی بانکیی ناوەندیی عێراق و پێویستە بانکەکانی بەشدار لە پرۆژەی (هەژماری من) هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێنماییانەدا، درێژە بە پرۆسەکە بدەن و تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیە تۆمار بکرێن" حکومەتی هەرێم وادەڵێت.
پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی لە جێبەجێکردندایەو کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ مووچەخۆران تاوەکو مانگانە بە ئەلیکترۆنی و لە ڕێی کارتی بانکییەوە مووچە وەربگرن، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون و پلانی حکومەت ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆران کە نزیکەی یەک ملیۆنن لە پڕۆژەکەدا تۆمار بکرێن.
تا ئێستا نزیکەی ٢٤٠ هەزار کارتی بانکیی دابەش کراوە بەسەر ئەو مووچەخۆرانەی لە هەژماری من تۆمار کراون، هاوکات مانگی ڕابردوو زیاتر لە ٥٠ هەزار مووچە خۆر کە لە ١٣٥ یەکەی ژمێریاری لەسەرجەم وەزارەتەکان پێکهاتبوون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەکانی داهاتوو ڕێژەکە بۆ دوو هێندە بەرزدەکرێتەوە.
٨ بانک بانک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و سەرجەمیان بانکی فەرمین و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێکراون، یەکێک لەوانە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی(تی بی ئای)یە کە سەربە حکومەتی فیدراڵییە.
حکومەتی هەرێم لە هەولێرو سلێمانی دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە(ATM)ی سەربە پڕۆژەی هەژماری من-ی داناوە تا مووچەخۆران مووچەکانیان ڕابکێشن، ئامانجی حکومەت ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ ئەو ژمارەیە بگەیەنێت بە نزیکەی ١٠٠٠ ئامێر لە سەرتاسەری کوردستان.