نێچیرڤان بارزانی دەڵێت هیچ بەڵگەیە نییە کە یەکێتی لە پشت سووتاندنی بازاڕەکانەوەبێت

02-07-2024 02:56

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە کە یەکێتی وەکو حیزب لە پشت "سووتاندنی بازاڕەکان"وە بێت لە هەولێرو کەرکوک و دهۆک.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە سەردانێکی فەرمی لە نەمسایە، بە ڕۆژنامەنووسانی وت "رەنگە کەسانێک هەبن کە پێشتر ئەندام بووبن لە یەکێتیدا یان ئێستا ئەندام بن، بەڵام وەکو هێزێکی سیاسی، هیچ بەڵگەیەک نییە یەکێتی لە پشتی ئەم بابەتەوە بێت".

"لێکۆڵینەوەکان تاکلایەنە نەبوون لە نێوان عێراق و هەرێم کراوەو ئەوەی ئاشکراو ڕوونە پەکەکە لە پشت ئەم بابەتە بووە، ئەوەی لە هەولێرو ئەوەی کەرکوکیش ڕوویداوە" نێچیرڤان بارزانی وای وت.

دوێنێ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانیان ڕاگەیاند لە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک و دەڵێن "تۆڕێکی سەر بە پەکەکە ئەو کارەیان کردووە کە سێ کەسیان دەستگیر کراون".

هێمن میرانی بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وتی، "دەرکەوت ڕووداوەکان پەکەکەی لە پشتەو سێ تاوانکار کە یەکێکیان سەرپەرشتیارەو بەرپرسی چالاکییە ئەمنییەکانی پەکەکەیە دەستگیر کراون، یەکێکیان سەربە دژە تیرۆری یەکێتییەو یەکێکی دیکەیان سەربە یەکەکانی ٧٠ی پێشمەرگەیە(یەکێتی) و کار بۆ پەکەکە دەکەن و پەکەکە ڕاهێنانی پێکردوون".

واتر یەکێتی بە تووندی ئەوەی ڕەتکردەوە ئەو حیزبە لە پشت سووتانی بازاڕەکانەوەبێت و ئەو کەسانەی دەستگیر کراون لە ئێستادا یەکێتی بن.

نێچیرڤان بارزانی، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلێکساندەر ڤاندەربێلن، سەرۆکی نەمسا، وتیشی "پەیوەندییەکی زۆر کۆنمان لەگەڵ نەمسا هەیەو کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆککۆمار هەبوو، باسی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان کردو داوامان کرد کونسوڵخانەی نەمسا لە هەولێر بکرێتەوە".