پەرەگراف
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا نزیکەی ١٠ ملیۆن دۆلار زیان بە فڕۆکەخانەکە گەیشتووە لە ١٤ مانگی ڕابردوودا.
هەندرێن هیوا موفتی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەمڕۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت، لەسەدا ٣٥ی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەستاون بەهۆی داخستنی ئاسمانی تورکیاوە، "زیانەکەی نزیکەی ١٠ ملیۆن دۆلارە تەنها بۆ فڕۆکەخانە، ئەوە جگە لە گومرگ".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە ئەو زانیارییانەی بە تەواوی ڕەتکردەوە کە فڕۆکەخانەکە بۆ مەبەستی سەربازیی بەکار بهێنرێت وەک ئەوەی تورکیا باسی دەکات و تۆمەتی بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکە لەلایەن پەکەکەوە ئاڕاستە دەکات.
تورکیا لە 3-4-2023دا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوەیان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، بڕیارەکەی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگ و تا ٣-٧-٢٠٢٣بوو، بەڵام دواتر سێ جار و هەرجارەی شەش مانگی دیکەی درێژکردەوە ٧-١٢-٢٠٢٤؟
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوکات دوای ڕاگرتنی گەشتەکان هۆکاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانیدا ئاشکرا کردو وتی: "بەهۆی چالاکییەکانی پەکەکەوەیەو لە چوارچێوەی هەوڵەكانی رووبەرووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە".
بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووەو دزەیان کردووەتەناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".
بەرپرسانی سلێمانی تۆمەتەکانی تورکیا ڕەتدەکەنەوەو جەخت لە مەدەنی بوونی فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.
چوار ڕۆژ دوای داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، لە ٧-٤-٢٠٢٣دا ھێرشێکی ئاسمانیی کرایەسەر نزیک فڕۆکەخانە کە تێیدا مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات کرایە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی زیانی گیانیی بەدواوە نەبوو.