پەرەگراف
تەندروستی هەولێر تووشبوونی سێ هاووڵاتیی بە پەتای تای خوێنبەربوون ڕاگەیاند.
ئەو سێ هاووڵاتییە یەکێکیان خەڵکی بەغدایەو تەمەنی 40 ساڵە، دوانەکەی دیکە خەڵکی هەولێرن و 28 ساڵ و 32 ساڵن، پێشتر گومانیان لێدەکرا تووشی پەتاکە بووبن، بۆ پشت ڕاستکردنەوەو دڵنیایی پشکنینەکانیان نێردراوە بۆ بەغدا، دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی زانستی پزیشکی دەرکەوتووە کە تووشی پەتاکە بوون.
"لەئێستادا هەرسێ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکیدان و لەکاتی ئێستادا باری تەندروستیان جێگیرە" تەندروستی هەولێر وادەڵێت.
تائێستا چەند حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە شارەکانی هەرێم تۆمارکراون، مانگی ئایاری ئەمساڵیش حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بەوپەتایە لە ئاکرێ تۆمار کرا.
تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ساڵانی ڕابردووش ئەو پەتایە لەعێراق و كوردستان بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە چەند كەسێك گیانیان لەدەستداوە.
نیشانەكانی تای خوێنبەربوون ئەوەیە؛ نەخۆشەكە تووشی تایەكی بەرز و ئازاری هەموو جەستەی دەبێت، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملیدا، لەوانەشە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات.