كۆمیسیۆن بۆ سێیەم جار پەنجەمۆری دەنگدەران وەردەگرێتەوە

30-06-2024 01:40

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جارێكی دیكە پەنجەمۆری دەنگدەرانی ‏هەرێم وەردەگرێتەوە و دووبارەیش دەرگای پێشكەشكردن بۆ كارمەندی ‏سەر سندووقەكانی دەنگدان دەكاتەوە.‏

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی ‏ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمیسیۆن دووبارە ‏پەنجەمۆری ئەو دەنگدەرانە وەردەگرێتەوە كە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ‏پەنجەمۆرەكانیان نەخوێندراوەتەوە".‏

وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران بۆ ماوەی یەك هەفتەیە، لە 1-7-‏‏2024 دەست پێ‌ دەكات و لە 10-7-2024 كۆتایی دێت.‏

هاوكات هەر ئەمڕۆ كۆمیسیۆن ڕایگەیاند، دەرگای پێشكەشكردن بۆ ‏كارمەندی سەر سندووقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ‏كوردستان، دەكاتەوە.‏

كۆمیسیۆن دەڵێت، ئەو كەسانەی پێشتر دەرفەتی پێشكەشكردنیان بۆ ‏كارمەندی ڕۆژی هەڵبژاردن نەبووە، دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن ‏كە لە 4-7-2024 دەست پێ‌ دەكات و لە 23-7-2024 كۆتایی دێت.‏

ئەمە سێیەم جارە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پەنجەمۆری ‏دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ‏وەردەگرێتەوە، دووەم جاریشە دەرگای پێشكەشكردن بۆ كارمەندی سەر ‏سندووقەكانی دەنگدان دەكاتەوە.‏

وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری ئەو دەنگدەرانەی كە ئامێرەكانی كۆمیسیۆن لە ‏ڕۆژی هەڵبژاردندا پەنجەمۆرەكانیانی نەخوێندووەتەوە، یەكێك لە ‏داواكارییە سەرەكییەكانی پارتی بوو بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن.‏