میترۆ: گەنجێک لە هەڵەبجە لەسەر کۆمێنتێک دەستگیر کراوە

29-06-2024 08:23

پەرەگراف

سەنتەری میترۆ "نیگەرانی و بێزاری" دەردەبڕێت لە بەرانبەر زیندانیکردنی گەنجێک لە شاری هەڵەبجەی شەهید "لەسەر کۆمێنتێک" و داوای "دەستبەجێ" ئازادکردنی دەکات. گەنجەکە لەسەر سکاڵایەکی قائیمقامیەتی هەڵەبجە دەستگیر کراوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت "گەنجێک بە ناوی بڕیار کەمال محەمەد لەدایکبووی 1999، لە ڕۆژی چوارشەممەوە لەسەر سکاڵای قائیمقامیەتی قەزای هەڵەبجە دەستگیر کراوە".

وەکوو میترۆ دەڵێت، دەستگیرکردنی ئەو گەنجە لەسەر "نووسینی کۆمێنتێک لە پەیجێکی فەیسبووک" بووە. داواکاریی کەسوکاریشی بۆ ئازادکردنی بە کەفالەت لەلایەن داگاوە ڕەت کراوەتەوە.

سەنتەری میترۆ دەڵێت "ئەم جۆرە لە توندکردنی سزا لەسەر دەربڕین و گرتن لە ڕۆژانی کۆتایی دەوام، ئاماژەنمایەکی خراپ و مەترسییە لەسەر ئازادی". داوایش دەکات "دەستبەجێ" ئەو گەنجە ئازاد بکرێت و دۆسیەکەی دابخرێت.

"زیندانیکردن لەسەر کۆمێنت، مایەی نیگەرانی و پێشینەیەکی خراپە"، سەنتەری میترۆ وا دەڵێت.

دەستگیرکردنی گەنجەکەی هەڵەبجە، هاوکاتە لەگەڵ دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسێک لە شیلادزێ لەسەر سکاڵای سەرۆکی شارەوانیی ناحیەکە.

ماوەی سێ ڕۆژە ڕۆژنامەنووس ئەحمەد محەمەد ناسراو بە (ئەحمەد شامکی)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شیلادزێوە دەستگیر کراوە و ڕەوانەی ئامێدی کراوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە لەسەر بڵاوکردنەوەی بابەتێکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە فرۆشتنی بەشێک لە شەقامێکی گشتی، لەلایەن سەرۆکی شارەوانیی شیلادزێوە بە "ناوزڕاندن" تۆمەتبار کراوە.

هەرچەندە دۆسیەی ئەو ڕۆژنامەنووسە پەیوەندیی بە بابەتی ڕۆژنامەوانییەوە هەیە، بەڵام وەکوو زۆربەی سکاڵاکانی دیکەی سەر ڕۆژنامەنووسان، بە یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە، بەڵکوو بە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە.