پەرەگراف- دهۆک
ماوەی سێ ڕۆژە ڕۆژنامەنووسێك لە شیلادزێ بە ناوی ئەحمەد محەمەد ناسراو بە (ئەحمەد شامكی)، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەوە دەستبەسەر كراوە. ئەو ڕۆژنامەنووسە لەسەر بڵاوكردنەوەی بابەتێکى ڕۆژنامەوانى دەربارەی فرۆشتنی بەشێك لە شەقامێكی گشتی، لەلایەن سەرۆكی شارەوانیی شیلادزێوە بە تۆمەتی "ناوزڕاندن" سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە.
هەرچەندە سكاڵاكە پەیوەندیی بە بابەتێكی ڕۆژنامەوانییەوە هەیە، بەڵام وەكوو بەشێک لە سكاڵاكانی دیكەی سەر ڕۆژنامەنووسان، بە یاسای ڕۆژنامەگەری تۆمار نەكراوە و بەپێی یاسای سزادانی عێراقییە، هەر بۆیە بڕیاری ڕاگرتن و دەستبەسەركردنی دراوە.
ڕۆژی 26ـی ئەم مانگە پۆلیسی شیلادزێ پەیوەندییان بە ئەحمەد شامكییەوە كردووە كە لە بنكەی پۆلیس ئامادە بێت، لە كاتی بەدەمەوەچوونی داواكەی پۆلیسدا، ڕاستەوخۆ ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستگیر كراوە و پێی وتراوە كە لەلایەن داوەرەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە. دواتریش ڕەوانەی ئامێدی كراوە و لەوكاتەوە ڕاگیراوە.
ئەحمەد شامكی، پەیامنێری دەزگای میدیایی 7 ڕۆژە لە سنووری قەزای ئامێدی. میدیاكەی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "دەستگیركردنی پەیامنێرەكەمان پەیوەندیی بە دۆسیەی گەندەڵیی فرۆشتنی پارچەیەك لە شەقامێكی گشتیی شیلادزێ هەیە، كە ئاشكرای كردبوو بەشێك لە شەقامەكە بە بڕی ٢٥٠٠ دۆلار فرۆشراوە".
هۆشیار محەمەد، برای ئەحمەد شامكی، بۆ پەرەگراف دەڵێت "هەمان ئەو ئیشەی كە براكەم بڵاوی كردووەتەوە، كەناڵێكی تر كە نامەوێ ئاماژە بە ناوەكەی بكەم، بڵاوی كردووەتەوە، بەڵام كێشەیان بۆ دروست نەكردوون، نازانم بۆ كێشە بۆ براكەم دروست كرا!".
هۆشیار شەوی ڕابوردوو سەردانی براكەی كردووە لە ئامێدی و دەڵێت "دۆخى تەندروستیی باشە". وەكوو برای ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت، دادگا پێی وتوون كە "سبەی یەكشەممە عەریزەیەك بنووسن تا بە كەفالەت ئازاد بكرێت" و دەڵێت "ئێمەش سبەی دەچینە دادگا و ئەوەی پێویست بوو بۆ دۆسیەكە، دەیكەین".
"براكەم ڕەتی دەكاتەوە كە تەنازول لە دۆسیەكە بكات، یاخود لە ڕێگای عەشائیرییەوە چارەسەر بكرێت. ئەو دەڵێت: من هیچم نەكردووە، تەنیا دەنگی ناڕازایی خەڵكم گەیاندووە"، هۆشیار محەمەد وا دەڵێت.
لەسەر ئەم دۆسیە، پەیامنێری پەرەگراف چەند جارێك پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری ناحیە و سەرۆكی شارەوانیی شیلادزێوە كرد، بەڵام وڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.
سەندیكای ڕۆژنامەنووسان بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ڕۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكەی شیلادزێ دەكات و ڤیان عەباس، سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكاكە بە پەرەگرافی وت "سبەی دەچینە دادگای دهۆك و سەرۆكی داواكاری گشتی دەبینین، لە ڕێگای پارێزەرەكەی خۆمانەوە بەدواداچوونی ورد بۆ كەیسەكە دەكەین، لە ڕۆژی دادگاییكردنیشی ئامادە دەبین".
ڤیان عەباس دەشڵێت "هەرچەندە ئەحمەد شامكی ئەندامی سەندیكا نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو دەزگایەی كاری تێدا دەكات لە سەندیكا تۆمار كراوە و سكاڵاكەی پەیوەندیی بە بابەتێكی ڕۆژنامەوانییەوە هەیە، ئێمە درێغی ناكەین و ئەوەی پێویست بێت بۆی دەكەین".