عێراق بۆ یەكەم جار لە پاڵاوگەی باكوور بەنزینی سوپەری بەرهەم هێنا و پلانی ڕاگرتنی هاوردەی بەنزینی هەیە
پەرەگراف
وەزارەتی نەوتی عێراق بەرهەمهێنانی بەنزینی سوپەر بە ئۆكتانی 98ـی بۆ یەكەم جار لە پاڵاوگەی نەوتی باكوور ڕاگەیاند. ئەوەش پاش نۆژەنكردنەوەی پاڵاوگەكە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عێراق.
بە ئامانجی گەیشتن بە ئاستی "خۆبژێوی و ڕاگرتنی هاوردەكردن"ـی بەنزین، محەمەد شیاع سوودانی لە ڕابردوودا فەرمانی كردووە بە نۆژەنكردنەوە و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهینانی پاڵاوگە عێراقییەكان، بە تایبەت ئەو پاڵاوگانەی كە لە دوای هاتنی داعش لە ساڵی 2014 زیانیان پێ گەیشتووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار بەنزینی سوپەر بە ئۆكتانی 98 لە پاڵاوگەی نەوتی باكوور لە تكریت بەرهەم هاتووە. ئێستا پاڵاوگەكە توانای هەیە ڕۆژانە 22 هەزار بەرمیل كە دەكاتە سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر، بەنزینی سوپەر بەرهەم بهێنێت.
"وەزارەت ستایشی هەوڵە نیشتمانییە دڵسۆزانەكانی كارمەندانی كۆمپانیای پاڵاوگەی باكوور و لایەنە پاڵپشتیكارەكان و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكە دەكات بۆ گەیشتن بەم ئاستە بەرزە هونەرییە بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتیی بەنزین لە بەنزینی ئۆكتان 92%ـەوە بۆ 98%"، وەزارەتی نەوتی عێراق وا دەڵێت.
پاڵاوگەی نەوتی باكوور سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق كە دەكەوێتە شاری تكریتی ناوەندی پارێزگای سەلاحەدین، لە مانگی دووی ئەمساڵ لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە بە توانای پاڵاوتنی 150 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا كرایەوە، ئەوەش پاش نۆژەنكردنەوە و دووبارە بونیادنانەی لە ساڵی ڕابردوودا.