پۆلیسی هەولێر: لیوا موحسین بە چەكی كڵاشینكۆڤ كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە

28-06-2024 07:43

پەرەگراف

پاش دۆزینەوەی تەرمی لیوا موحسین محەمەد ڕەشید لە هەولێر، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "بە ڕووداوێكی دڵتەزێن گیانی لەدەست داوە". پۆلیسی هەولێریش ڕووداوەكە بە خۆكوژی ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت "بە چەكی كڵاشینكۆڤ كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".

ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی موحسین محەمەد ڕەشید، ئەفسەر بە پلەی لیوا لە هێزەكانی پێشمەرگە و هاوسەری ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە هەولێر دۆزرایەوە، كە شوێنەواری فیشەك بە تەرمەكەیەوە بووە.

پاش چەند كاتژمێرێك لە دۆزینەوەی تەرمی لیوا موحسین، سەرەتا وەزارەتی پێشمەرگە و دواتر پۆلیسی هەولێر دوو بەیاننامەیان لەبارەی ڕووداوەكەوە بڵاو كردەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە گیانلەدەستدانی لیوا موحسینی بە "كارەساتێكی نەخوازراو و دڵتەزێن" ڕاگەیاند. وەزارەتەكە زانیاریی زیاتری لەسەر ڕووداوەكە بڵاو نەكردەوە و وتی "چۆنێتیی ڕووداوەكە بۆ لێكۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەكان بەجێ دەهێڵین".

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێریش لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بە ڕووداوەكە وتی "ئەمڕۆ ڕێكەوتی (28-6-2024) كاتژمێر (4:30) خولەكی ئێوارە، تیمەكانی بەڵگە و تاوانی هەولێر و تیمەكانی كامێرای چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، گەیشتنە شوێنی ڕووداوێكی گیانلەدەستدان لە شەقامی لاوەكیی ١٥٠ مەتریی هەولێر، نزیك یەكەكانی نیشتەجێبوونی سلاڤا ستی".

پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند "لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، دوای گەیاندنی تەرمەكە بۆ پزیشكی دادی، دەركەوت كە هاووڵاتییەك بە ناوی (موحسین ڕەشید) كە پیشەی ئەفسەرە بە پلەی لیوا لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە چەكی جۆری كڵاشینكۆڤ كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".

پۆلیسی هەولێر دەشڵێت "لیوا موحسین محەمەد بە تەنیا بووە لەناو ئۆتۆمبێلە تایبەتەكەی خۆیدا".

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی لیوا موحسین محەمەد ڕەشیدەوە دەڵێت "بەڕێوبەری پێشووی كاروباری پزیشكیی وەزارەتی پێشمەرگە بووە، ئەفسەرێكی دڵسۆز و خەمخۆر بوو لە بواری پزیشكیی سەربازی و خزمەتێكی زۆری بە هێزی پێشمەرگە كردووە، بەتایبەت لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو".