دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو؛ لە ئێران دوو كاتژمێر درێژ كرایەوە
پەرەگراف
پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆماری ئێران دوو كاتژمێر درێژكرایەوە. پرۆسەكە لە هەرێمی كوردستانیش بەڕێوە چوو و سەدان دەنگدەر بەشدارییان كرد.
لە سلێمانی و هەولێر لەناو كونسوڵخانەكانی ئێران و لە كەركووك، كەلار، هەڵەبجە، دهۆك، سۆران و دەوروبەری هەولێریش سندووقی گەڕۆك بۆ دەنگدەرانی ئێران دانرا.
محەمەد مەحموودیان، سەركۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی، لە كۆنفرانسێكی ڕایگەیاند ''لە كاتژمێر 8:00ـی بەیانییەوە پڕۆسەی دەنگدان لە شاری سلێمانی دەستی پێ كردووە". پێشبینیش دەكات كە لە نێوان "500 بۆ 1000" كەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران بكەن.
سەرجەم ئەو كەسانەی ناسنامەی ئێرانییان هەیە و تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، مافی دەنگدانیان لە 14یەمین خولی هەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماری ئێران هەیە.
هەرچەندە كاتی كۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان كاتژمێر 6:00ـی ئێوارە بوو، بەڵام لە ناوخۆی ئێران تا كاتژمێر 8:00ـی شەو واتە دوو كاتژمێر، درێژكرایەوە.
تەنیا لەناو ئێراندا زیاتر لە 61 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە. لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە 58 هەزار و 640 بنكەی دەنگدان هەن، 344 بنكەی دیكەش لە 100 وڵاتی تر بۆ دەنگدەرانی ئێرانی دانراون.
یەكەم خاڵی دەستپێكردنی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران وڵاتی نیوزلەندا بووە، كە لە كاتژمێر 8:00ـی بەیانی بەكاتی ئەو وڵاتە و 11:30ـی شەوی ڕابردوو بە كاتی ئێران بووە.
لە 14یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێراندا، شەش كاندید هەبوون، دوانیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا كشانەوە، ئەو چوار كاندیدەی كە ڕكابەری دەكە بریتین لە (سەعید جەلیلی، محەمەدباقر قالیباف، مستەفا پوورمحەممەدی و مەسعوود پزیشكیان).