پەرەگراف
یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان ژمارەیەك داواكاری ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكات، لەناویاندا هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان بە هاوئاستەكانیان لە عێراق بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی. یەكێتییەكە تا ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی تەمووز مۆڵەت دەداتە حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكان و بە پێچەوانەوە هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا لە دادگای تایبەتمەن دەكات.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داواكارییەكانی خانەنشینانی خستە ڕوو و وتی "پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، داوا دەكەین لیستی مووچەكانمان بە هاوتاكراوی بە ناوەند، بەپێی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014، بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێرن".
وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینان ڕوو لە حكومەتی هەرێم وتیشی "سستی و دەستی دەستی پێكردنی ئێوە پرۆسەی هاوتاكردنی مووچەكانمانی بە ناوەند دواخستووە".
داواكارییەكی دیكەی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان، "دەستوبردكردن"ـە لە پرۆسەی تەوتین (بەبانكیكردنی مووچە مووچەخۆران لە بانكە فیدراڵییەكان) لە ڕووەشەوە هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێكاریی یاساییان كرد لە هەر لایەنێكی حكومەتی هەرێم یان حكومەتی عێراق كە "كەمتەرخەم" بێت.
یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان ئاماژە بەوەش دەكات كە "دۆسیەی خانەنشینانی هەرێم گوماناوییە و نیشانەی پرسیاری لەسەرە"، بۆیە داوا دەكات "لیستی یاسایی و نایاسایی لێك جیابكرێنەوە" و دەڵێت "زانیارییەكانی ئێمە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بنێرن، تا چیتر ئێمە بە ئاگری بندیوار و وەهمییەكان نەسووتێین".
هەروەها خانەنشینان داوای قەرەبووی مووچە فەوتاوەكانیان دەكەنەوە، بەپێی یاسای خانەنشینی بەركاری عێراقی و بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی.