11 تۆمەتباری قۆپیەكردن بە سەماعە دەستگیر دەكرێن

27-06-2024 07:22

پەرەگراف

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی "11" تۆمەتباری ڕاگەیاند كە لە ڕێگەی بەكارهێنانی "سەماعەی قۆپییەوە، بەنیازی قۆپیەكردن بوون".

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، ڕۆژی 26-6-2024 توانییان 11 تۆمەتبار دەستگیر بكەن كە بەشێوەی ئۆنلاین ئامێری قۆپیەكردنیان كڕیوە و ویستوویانە بۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەكاری بهێنن".

ئەو كەسانە كە بەشێكیان قوتابی و بەشێكیان هاوكاریان بوون، بە ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە لە كاتی دەستپێكردنى تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند "لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەیان باندی قۆپیەكردن و فریودانی قوتابیان دەستگیر كراون كە لە سەروو 100 كەس دەبن، هەندێك لەوانە بە سێ‌ ساڵ زیندانیكردن سزا دراون".