ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپا پێشوازیی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
پەرەگراف
ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپا پێشوازیی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و داوا دەکەن چیتر دوانەخرێت و پڕۆسەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە بێت.
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا دەڵێت، پێشوازی لە راگەیاندنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دەکەن، "داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین گەرەنتی هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانەو شەفاف بکات".
"هەڵبژاردنەکە چەند جارێک دواخراوە، لەپێناو هەرێمێکی دیموکراسیدا پێویستە دواخستنی دیکە ڕوونەدات" باڵیۆزی ئەمەریکا وادەڵێت.
هاوکات کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر لە پەیامێکدا بەهەمانشێوە پێشوازیی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکات و داوای هەڵبژاردنێکی گشتگیرو ئازادو دادپەروەرانە دەکات.
هەروەها تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەڵێت "پێشوازی لە ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ٢٠ی ئۆکتۆبەر. ئێمە لە نزیکەوە کارمان کردووە لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و هەموو ئەکتەرە سیاسییە کوردەکان، و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی ئەمە بێتە دی. بڕیارە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دیسانەوە شەرعیەتی تەواوی دیموکراسییان دەبێت".
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024ی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژەکە کردووەو ئامادەن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و فشاری ناوخۆیی و دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.
هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای سێ جاری دیكەش دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.