پەرەگراف
سەعدی پیرە دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، هەرچەندە پێیان باشتر بوو زووتر بکرێت، بەڵام ئامادەن بۆ هەڵبژاردن لە 20ی ئۆکتۆبەرو هیوادارن لە کەشێکی باشدا بەڕێوەبچێت.
وتەبێژی یەکێتی وتیشی، ڕای لایەنەکان وەرنەگیراوە لەسەر دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن.
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی وتەبێژی یەکێتی
هاوکات جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند: کۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاریکراوەو مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێممان بە دەست گەیشتووە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024ی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمە جاری پێنجەمە وادەی ئەنجامدانی خولی شەشەمی پەرلەمان دیاری دەکات.
دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەرسومی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی خوێندەوە، وتیشی: ئەگەر بڵێم 20ی ئۆكتۆبەر رۆژێك بوو كە هەمووان لەسەر كۆك بوون، نەخێر، بەڵام گفتوگۆ كراوە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و فشاری ناوخۆیی و دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.
هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای سێ جاری دیكەش دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.