پەرەگراف
پاش چوار كاتژمێر لەو كوژانەوە گشتییەی بەیانیی ئەمڕۆ لە كۆمپانیای دانەگاز ڕووی دا، وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند "دەست بە گواستنەوەی گاز لە گێلگەی كۆڕمۆڕ بۆ وێستگەكانی كارەبا كرا و دۆخی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
وەزارەتی كارەبای هەرێم كاتژمێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕایگەیاند "لە ماوەی دوو كاتژمێری داهاتوودا، قۆناغ بە قۆناغ دۆخی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
كاتژمێر 9:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ گواستنەوەی گاز لە كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاوەستا، بەهۆیەوە 2000 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا كەم بووەوە.
وەزارەتی كارەبا دڵێت "هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیای دانەگاز، كێشەكەیان چارسەر كرد و دەست بە گواستنەوەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا كرا".
كێڵگەی كۆرمۆر گاز بۆ زۆربەی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم دابین دەكات. بەهۆی كوژانەوەكەی ئەم بەیانییە، زۆربەی فیدرەكانی كارەبا كوژاونەوە بە هۆڵەكانی تاقیكردنەوەكانیشەوە.
كۆمپانیای دانەگاز لە كێڵگەی كۆرمۆر وەبەرهێنان دەكات، كە گەورەترین كێڵگەی گازی هەرێمی كوردستانە. كۆرمۆر گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات، كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.