نۆیەم دۆسیە لە دژی ئومێد بەرۆشكی دەكرێتەوە؛ چاكسازیی دهۆك بە 'ناوزڕاندن' تۆمەتباری كردووە

26-06-2024 12:12

پەرەگراف - دهۆک

نۆیەم دۆسیە لە دژی ئومێد بەرۆشكی كرایەوە و لەلایەن چاكسازیی گەورانی دهۆكەوە تۆمەتبار كراوە بە "ناوزڕاندن". ئەو ڕۆژنامەنووسەی بادینان ڕەتی دەكاتەوە تەشهیری بە چاكسازی كردبێت و دەڵێت "ئەوەی وتوومە، ڕاست بووە".

سكاڵاكە پەیوەستە بە زانیارییەكی ڕۆژنامەوانی كە ئومێد بەرۆشكی لە 23-1-2024 لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، تێیدا دەڵێت "بەپێی زانیارییەكان، زیندانكراوی بادینان (مەلا نەزیز) لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە ڕفێنراوە و لە زیندانی چاكسازیی گەورانی دهۆك نەماوە".

وەكوو ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی بە پەرەگرافی وت، ئەمە "نۆیەم" دۆسیەیە لە دژی دەكرێتەوە، بە گشتیش لە هەشت دۆسیەیەكەی دیكە "ساڵێك و حەوت مانگ" زیندانی كراوە و بە بڕی "250 هەزار دینار" غەرامە كراوە.

دوێنێ 25ی حوزەیران، ئومێد بەرۆشكی لەلایەن پارێزەرەكەیەوە ئاگادار كراوەتەوە كە ڕۆژی 15ـی ئەیلوول بۆ دانیشتنی دادگا لەسەر سكاڵاكەی چاكسازیی گەوران دیاری كراوە.

سەبارەت بەم دۆسیە نوێیە، ئومێد بەرۆشكی بە پەرەگرافی وت "ئەوەی بڵاوم كردبووەوە، ڕاست بوو. چاكسازی خۆیشی دەڵێت كە مەلا نەزیر بۆ دۆسیەكەی دیکە چەند ڕۆژێك بۆ شوێنێكی تر گواستراوەتەوە".

بەڵام بەرۆشكی ئاماژە بەوە دەكات كە گواستنەوەكە بۆ دۆسیەی دیكە نەبووە، "چونكە مەلا نەزیر لە دوای تەواوبوونی ماوەی دادگاییكردنی خۆی، ئازاد كرا".

هەرچەندە نووسینەكەی ئەو ڕۆژنامەنووسە زانیارییەكی ڕۆژنامەوانییە، بەڵام سكاڵاكەی بەپێی ماددەی دووی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیکردن لەسەر تۆمار كراوە. ئومێد بەرۆشكی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لەسەر ئەم دۆسیە بۆ ماوەی 24 كاتژمێر ڕاگیراوە، دواتر ئازاد كراوە تا ڕۆژی بەڕێوەچوونی دادگاییكردن.

ڕێڤینگ یاسین، پارێزەری دۆسیەی بەرۆشكی، بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئومێد بەرۆشكی لە دادگای كەتنی دهۆك دادگایی دەكرێت. جارێ نازانرێت دادگا بڕیاری گۆڕینی ماددەكە بۆ یاسای ڕۆژنامەگەری دەدات، یان هەر بەپێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن دەبێت".

سەبارەت بەو سزایەی كە ئەگەری هەیە بە ساغكردنەوەی تۆمەتەكە بەسەر ڕۆژنامەنووسەكەی بادیناندا بسەپێندرێت، پارێزەرەكەی دەڵێت "ئێستا ناتوانین بڵێین سزایەكە چی دەبێت، بەڵام بەگشتی غەرامەی پارەیە لەگەڵ ماوەیەك زیندانیكردن".

"هەموو كات باوەڕمان بە یاسا هەیە و پێگیر دەبین. چاوەڕیێ دادگای دهۆك دەكەین كە چ بڕیارێك دەردەكات"، ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی بۆ پەرەگراف وای وت.